کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

توركیە: هێرشەكانی ئێمە بۆ سەر \"پەیەدە\" بەردەوام دەبن

21:36 - 26 رێبەندان 2715

كوردستان میدیا: سەرۆک وەزیرانی توركیە ئەحمەد داوودئۆغلوو ڕایگەیاند كە، ئێمە لە هێرشەكانمان بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی پەیەدە بەردەوام دەبین.

سەرەڕای ئەوەیكە ئامریكا و فەڕانسە داوایان لە توركیە كرد كە هێرشەكانی بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان ڕابگرێت، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە پێوەندییەكی تەلەفوونیدا لەگەڵ ڕاوێژكاری ئاڵمان ئانگێلا مێركڵ ڕایگەیاند، كە توركیە ڕێگە نادات پەیەدە لەسەر ئەو ڕەفتار و كردارانەی ئێستای بەردەوام بێت و هاوكات درێژە بە تۆپبارانی بنكە و بارەگاكانی پەیەدە دەدەین.

ئەوە لە كاتێكدایە كە دەوڵەتی توركی پارتی یەكیەتی دێموكرات پەیەدە و هەروەها یەكینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە بە گرووپی تیرۆریستی دەناسێ و ڕێکەوتی ٢٤ی ڕێبەندان بۆ یەكەمجار دەستی كرد بە تۆپبارانی بنكە و بارەگاكانی ئەو دوو هێزە لە ڕۆژئاوای كوردستان.

هاوكات ناوەندی هەواڵدەریی فەرمی سووریە سانا ڕایگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی سووریە لە نامەیەكدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، باسی لەوە كردووە كە گەیاندنی چەک و تەقەمەنی بە دەستی ئۆپۆزسیۆنی سووریە لە ڕێگەی بابۆلسەما و هەوەها ئەعزاز بەردەوامە.

لە بەشێكی دیكەی نامەكەدا هاتووە كە هێزێكی سەربازی توركیە پێكهاتوو لە ١٠٠ چەكدار بە چەكی گرانەوە هاتوونەتە نێو خاكی سووریە تا كوو بە شێوەی ڕاستەوخۆ پشتیوانی لە هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن بكەن.