کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆماری مامۆستایانی کورد/ بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانمان لە بارودۆخی نالەبارداین

22:48 - 7 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: زیاتر لە ٩ هەزار مامۆستا لە پارێزگا کوردنشینەکان بە واژۆ کردنی تۆمارێک رووبە سەرکۆمار و نوێنەرانی مەجلیس رایانگەیاندووە کە بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانیان لە بارودۆخێکی نالەباردان.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەم تۆمارەدا هاتووە کە مامۆستایان توێژی هەژار و دەستکورتی کۆمەڵگایە و ئەو حەقدەستەی کە وەریدەگرن بەشی تێچووی بژیوی ژیانیان ناکات.

لە درێژەدا رایانگەیاندووە کە حەقدەستی مامۆستایان لە بەرانبەر حەقدەستی کارمەندانی دیکەی دەوڵەت، تەنیا بەشێک لە حەقدەستی کارمەندەکانی دیکەی دەوڵەتە، لەحاڵێکدا حەقدەستی کارمەندانی دەوڵەت زیاتر لەمانەیە.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەم تۆمارەدا، مامۆستایان خوازیاری جێبەجێ کردنی نیزامی پلەبەندی مامۆستایان بە بێ لابردن یان داسەپاندنی گوڕینی بنەڕەتی لە گەڵاڵەی سەرەکی و دامەزراندنی بانکێک یا رێکخراوەیەکی ماڵی و ئیعتباری و هەروەها شیرکەتێکی بیمە کە هەردووکیان بە ئیدارەی پەروەردە پێوەندی هەبێت و دیاری کردنی بارودۆخ و گوڕینی پێکهاتەی سەندوقی مامۆستایان بوون.

ئەم تۆمارە بە واژۆی زیاتر لە ٩ هەزار مامۆستا لە شارەکانی سنە، سەقز، مەریوان، دێولان، قوروە گەیشتووە.

مامۆستایان ئەم واژۆیە بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی بە بارودۆخی نالەباری ژیانی خۆیان لە کۆمەڵگا قەڵەمداوە.

هەروەها لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، مامۆستایانی کورد لەگەل مامۆستایانی سەرتاسەری ئێران بە نیشانەی دەربڕینی نارەزایەتی نیسبەت بە بارودۆخی نالەباری ژیانی خۆیان، چەندین جار دەستییان داوەتە مانگرتن و لە ماوەی ئەم خۆپیشاندانە خوازیاری کۆتایی هێنان بە پەراوێز خستن و هەڵاواردنی مامۆستایان و کارمەندەکانی دیکەی دەوڵەت بوون، بەڵام هەتا ئێستا رێژیمی ئێران بە هیج کام لە ویستی مامۆستایان وڵامی نەداوەتەوە.

کازیوە.ر