کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکهەڵچوون، برینداربوونی ٣ مەئمووری هێزی ئینتزامیی لێکەوتەوە

14:08 - 15 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: لە تێکهەڵچوونێکی خەڵک و هێزەکانی رێژیم لە ناوچەی سەوڵاوا ٣ مەئمووری هێزی ئینتزامی بریندار بوون.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا؛ ژمارەیەک لە هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران جێگیر لە پاسگای پایگەلان سەربە شارستانی سەوڵاوا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٠ی رەشەمە، هێرشیان کردووەتە سەر گوندی \'\'گواز\'\' و کۆمەڵیکی زۆر لە ماهوارەی هاووڵاتییانیان زەوت کردووە.
هاووڵاتییەکی دانیشتووی گوندی \'\'گواز\'\' بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: هێزەکانی رێژیم بە بێ مۆڵەتی یاسایی ماڵ و سەربانی هاووڵاتییانیان پشکنیوە و ئامێری وەرگرتنی شەپۆلەکانی ماهوارەی ئەو هاووڵاتییانەیان زەوت کردووە.
ئەو هاووڵاتییە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێ، وتیشی: هێرشی هێزەکانی رێژیم بۆسەر ماڵی هاووڵاتییان، ناڕەزایەتیی توندی خەڵکی گوندی گوازی لێ کەوتەوە و لە ئەنجامدا شەڕ و تێکهەڵچوونی لە نێوان خەڵک و هێزە ئینتزامییەکاندا دروست بوو.
لەو تێکهەڵچوونەدا ٣ مەئمووری هێزی ئینتزامی بە توندی بریندار بوون و هێزەکان بەپەلە گوندەکەیان بە جێ هێشت.