کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەشکیلاتی نهێنیی ناوچەی هەورامان پەیامی هاوخەمیان ئاراستەی حیزبی دێموکرات کرد

20:44 - 4 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی هەورامان پەیامی هاوخەمیی خۆیان ئاراستەی حیزبی دێموکرات و بنەماڵەی شەهید ڕەحیم گەرگولی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی هەورامان لە پەیامێکدا پرسە و هاوخەمیی خۆیان بۆ لە دەست‌دانی پێشمەرگەی قارەمان شەهید ڕەحیم عەبدوڵڵا نژاد ناوسراو بە شەهید ڕەحیم گەرگولی ئاراستەی حیزبی دێموکرات و هاوسەنگەرانی کرد و پەیمانی وەفاداریان لەگەڵ شەهیدانی دێموکرات نوێ کردەوە.

دەقی پەیامەکە:

...لە كۆتەڵەی ئەم هەموو شەهیدانەدا
لە پەنجەرەی ئەو خوێنە ڕووناكانەوە
یەک ئاسۆگەی سوورمان هەیە:
كۆست لە دوای كۆست، خوێن لە دوای خوێن
هەر هەموومان ئەچینەوە سەر ئەو شاڕێگە و شەقامەی
باخە و باخ و تەڵان تەڵان
ئەمانباتەوە ناو داگیرساوەكەی كوردستان.

شێركۆ بێكەس

كە بروسكەی ڕاسان، ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی ڕووناک كردووە و گیانێكی نوێی بە بەری جەماوەری خۆشی نەدیوی كوردستانی ئێراندا كرد، كێلەشین و كۆساڵان بوون بە جووتە خوشكی جڵەوكێشی زەماوەندی ئازادی و هێمای تازەی بەرخۆدان و خۆڕاگریی نەتەوەیەک.

ئێستەش كە دیسان جەستەی برینداری ڕۆژهەڵات بە زامێكی نوێ كۆڵایەوە، لە زێدی بازەكانی كۆساڵان و هەوارگەی هەمیشەیی پێشمەرگە: هەورامانەوە، بە ناوی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لەم دەڤەرەدا، هاوخەمی و پەرۆشی خۆمان بۆ لە دەستدانی پێشمەرگەی قارەمان شەهید ڕەحیم گەرگولی دەر ئەبڕین و ئێمەیش بە وێنەی بنەماڵە و هاوڕێكانی، خۆمان بە خاوەن و بەشداری ئەو حەسرەت و ماتەمینە دەزانین.

كاروانی شەهیدانمان دوور و درێژە و ڕەنگە لەمە درێژتریش ببێتەوە، بەڵام با ڕۆحی ئەم شەهیدە تازەی ڕاسان و سەرجەم شەهیدانی حیزب و گەل، ئارام بگرن و دلنیا بن كە تا وەدیهێِنانی ئامانجە پیرۆزەكەیان ڕێگەی هیوا و خەبات بەرنادەین.

تەشكیلاتی نهێنی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە هەورامان
٤ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی