کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقەی هێزەکانی رێژیم ناڕەزایەتیی کۆڵبەرانی ناوچەی نەوسوودی لێ کەوتەوە

14:18 - 19 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کۆڵبەران، بەکوشت‌چوونی ٦ سەر بارهەڵگر و لە ئەمەش ناڕەزایەتیی کۆڵبەرانی لێکەوتەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، لە درێژەی ئازار و ئەزیەتی کۆڵبەراندا هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران جێگیر لە پاسگای دواو لە شوێنێک بەناوی قەڵاگا، دەستڕێژییان لە کۆڵبەران کرد و لە ئەنجامدا ٦ سەر لە بارهەڵگری کاسبکاران بە کوشت چوون.
خاوەنی ئەو بارهەڵگرانە ژمارەیەک هاووڵاتیی دانیشتووی گوندەکانی \'\'نیسانە، تەشار و نەوسوود\'\' بوون، کە کراونەتە ئامانجی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: پاش ئەم رووداوە هێزە ئینتزامییەکان لە رێگای گەڕانەوەدا لەگەڵ ناڕەزایەتیی کۆڵبەران بەرەوڕوو بوونەوە و کۆڵبەران بە داخستنی رێگای هاتوچۆی ئەو هێزانە ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی و ئیزنی گەڕانەوەی هێزەکانیان بۆ مۆڵگەکانیان نەدا و بەناچار پەنایان بردە پاسگای شێخان.
ئەو سەرچاوە راشیگەیاند: هێزە ئینتزامییەکان پاش چەند کاتژمێر لە \'\'پاسگای دواو\'\'ەوە دوو ئۆتۆمبێل هێزی یاریدەدەریان بۆ هات و سەرەنجام توانییان بۆ مۆڵگەی ئەسڵیی خۆیان بگەڕێنەوە.
ئازار و ئەزیەتی کۆڵبەران لە کوردستان چەندین ساڵە لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەردەوامە و کۆڵبەران رۆژانە بەرەوڕووی هەڕەشەی کوژران دەبنەوە.