کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جادەکانی مەرگ لە کوردستان/ ساڵی رابردوو ٦٠٤ کەس بەهۆی رووداوی هاتوچۆ لە کرماشان گیانیان لە دەست داوە

15:26 - 21 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: لە رووداوێکی هاتوچۆدا لە رێگای ئورمیە ــ شنۆ، دوو هاووڵاتیی گیانیان لە دەست دا و یەکێکی دیکەش بە توندی بریندار بوو.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، بەهۆی پێکدادانی ماتۆر سیکلێتێک لەگەڵ ئۆتۆمبیلێکی جۆری L90 دوو ئەندامی بنەماڵەیەکی خەڵکی شاری شنۆ گیانیان لە دەست دا و یەکێکی دیکەش بە بریندری رەوانەی نەخۆشخانە کرا.
بەهۆی خراپی و ناستانداریی ئەو خاڵە لە رێگای شنۆ ــ ئورمیە بە \'\'تەپۆڵکەی مەرگ\'\' ناسراوە و هەتا ئێستا گیانی دەیان سەرنشینی ستاندووە.
بەرپرسانی رێژیمی ئێران سەرەڕای زیادبوونی ئاماری قوربانییانی رووداوەکانی هاتوچۆ، هیچ هەوڵێک لەمەڕ پێشگیری لەو گرێ‌کوێرەیە نادەن و گوێی خۆیان لەو پرسە خەوواندووە.
بەپێی ئامارێک لە پزیشکیی یاسایی رێژیمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا ٦٨٨ کەس بەهۆی رووداوی هاتوچۆ لە پارێزگای ئورمیە گیانیان لە دەست داوە.
ئاماری رووداوەکانی هاتوچۆ لە کرماشان
لەلایەکی دیکەشەوە لە پارێزگای کرماشان رێژەی قوربانییانی رووداوەکانی هاتوچۆ رووی لە زیادبوون کردووە.
بەپێی ئامارەکانی ئەو ناوەندە، لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا رووداوی هاتوچۆ لە پارێزگای کرماشان گیانی ٦٠٤ کەسی ستاندووە کە ١٤٢ کەسیان ژن بوون.
هەر لەو ساڵەدا لە پارێزگای کرماشان ١٠ هەزار و ٨٥٢ کەس بەهۆی رووداوی هاتوچۆ بریندار بوون کە سێ هەزار و دوو کەسیان ژن و حەوت هەزار و ٨٥٠ کەسی دیکە لە رەگەزی پیاو بوون کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتری (٩١) لەسەدا ٩،١ زیادبوونی بە خۆیەوە بینیوە.