کوردستان میدیا: جێگری وەزیری پەروەردە و بارهێنان و سەرۆکی دەزگای نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی ئێران وتوویەتی، سیستمی گەرمادەی ١٣٦ هەزار کلاسی دەرسمان ستاندارد نین و هەر چرکە دەبێ چاوەڕێی کارەساتێک بین.
مێهروڵا ڕەخشانیمێهر ڕێکەوتی ٦ی ڕێبەندان بە هەواڵدەریی حکومەتی ئیسنای وتووە: زۆربەی ئەم قوتابخانانە کە پێویستییان بە ئاوڕدانەوەی جیددی هەیە لە پارێزگا سنوورییەکانی وەک سیستان و بەلوچستاندان.
ڕێکەوتی ٢٧ی سەرماوەز، بەهۆی وەرگەڕانی سۆبەی نەوتی لە قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە بەلوچستان چوار قوتابی گیانیان لە دەست دا؛ دوای ئەم ڕوداوە جێگری کۆمیسیۆنی ئاموزش و لێکۆڵینەوەکانی مەجلیس ڕایگەیاند کە دوو لە سەر سێی قوتابخانەکانی ئێران پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.
پێشتریش بەڕێوەبەریی گشتیی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای سنە ڕایگەیاندبوو، ٥٢٨ کلاسی وانەوتنەوە لە قوتابخانەکانی ئەم پارێزگایە، بە سۆبەی نەوتی ناستاندارد گەرم دەکرێن و ٣٠%ی فەزا ئاموزشییەکانیش ناستانداردن.
ڕەشید قوربانی وتبووی: هەنووکە ٢٣٧ قوتابخانە لەم پارێزگایەدا هەن کە پڕمەترسین و لە دۆخێکی نەشیاودان و پێویستییان بە ئاوڕدانەوەی جیددی هەیە؛ بەو مانایە کە لانیکەم ٤٠٠ میلیارد تمەن پارە پێویستە تاکوو نۆژەن بکرێنەوە.
پێشتر لە بانەمەڕی ئەمساڵدا ئەم بەرپرسە حکوومەتییە وتبووی: ٢ هەزار و ٧٠٠ بینای پەروەردەیی لەو پارێزگایەدا هەن کە ستانداردەکەیان لە ئاستی نۆرماڵدا نییە و لەگەڵ کەمیی پێداویستی بەرەوڕوون.
ئەگەرچی ئەم ئامارانە وەک بەشێک لە چالاکانی فەرهەنگی دەڵێن دوورن لە ڕاستی و ڕێژەی قوتابخانە بێکەڵک و پەرتووکاوەکان زۆر لەوەش زیاترن بەڵام ئەگەر تەنانەت ئەم ئامارە حکوومەتییەش بکەینە پێوەر، دەبینین کە مەترسی شیناوێیەکی دیکە و قوربانی دیکە لە ئارادایە.
پێشتریش لە ساڵی ١٣٩١دا ، ئاگرگرتنی سۆبەی نەوتی لە قوتابخانەیەکی کچانە لە شیناوێی سەر بە پیرانشار، بووە هۆی برینداربوونی نزیک به ٣٠ قوتابی کە بەداخەوە ٢ کەسیان گیانیان لە دەست دا.
کچانی شیناوێ، پاش ٧ ساڵ ژیان لەگەڵ برینە قووڵەکانیان، کە وەبیرهێنەرەوەی ناخۆشترین ڕووداوی ژیانیانە، هێشتا بەتەواوەتی چارەسەر نەکراون و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیش لە ناردنیان بۆ دەرەوەی وڵات به بیانووی هەبوونی پێداویستییەکانی دەرمان لە نێو ئێراندا خۆ دەبوێرن.