بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢ی خاکەلێوە، لە زنجیرەیەک هێرشی تێکدەرانەدا، سێ دڕۆن کۆگایەکی ڕۆنی ماشینیان لە شاری هەولێرکردە ئامانج و بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە لە ناوچەکە کەوتەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند کە هێرشەکان بە سێ قۆناغ و لە کاتژمێرەکانی ٧:٣٠، ٨:٤٠ و ١٠:٢٠ی بەیانی ئەنجامدراون، تەنانەت دڕۆنی دووەم لە کاتێکدا لە شوێنەکەی داوە کە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بوون.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی دووبارەبوونی بۆردوومانەکان و مەترسیی بەردەوام لەسەر گیانی پێرسۆنێلی فریاگوزاری، داوا لە تیمەکان کراوە لە شوێنی ڕووداوەکە بکشێنەوە، چونکە بەهۆی سێ جار پێکانی کۆگاکە هیچ کەلوپەلێکی ساغ لەنێویدا نەماوەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە هێزە ئەمنییەکان توانیویانە دڕۆنێکی چوارەم پێش گەیشتن بە ئامانجەکەی لە ئاسماندا تێک بشکێنن.
جێگەی باسە کە لە دەسپێکی هەڵگیرسانی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ڕێژیمی ئێران هەرێمی کوردستان بەردەوام ڕووبەڕووی هێرشی مووشەکی و دڕۆنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووەتەوە.
ئامارەکان نیشانی دەدەن کە تا ئێستا ٥٤٩ هێرشی لەو شێوەیە کراوەتە سەر خاکی هەرێم کە زۆرینەیان شاری هەولێری کردووەتە ئامانج، ئەمەش وەک بەشێک لە هەوڵە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی تاران و گرووپە پاشکۆکانی بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە لێک دەدرێتەوە.