ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی سێشەممە ١١ی خاکەلێوە، ڕایگەیاند کە دوای لەسێدارەدانی نهێنیی چوار دژبەری کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا، لانیکەم ٧ خۆپیشاندەر و دژبەری دیکە لەبەردەم مەترسیی لەسێدارەدانی خێرادان.
دیانا ئەلتەحاوی، جێگری بەڕێوەبەری ناوچەیی ئەم ڕێکخراوەیە، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی بەرنامەکانی لەسێدارەدانی "وەحید بەنی عامریان"، "ئەبولحەسەن مونتەزەر" و پێنج خۆپیشاندەری دیکە کرد کە لە زیندانی قزڵحەساری پارێزگای ئەلبورز ڕاگیراون.
بەپێی ڕاپۆرتی لێبوردنی نێودەوڵەتی، وەحید بەنی عامریان و ئەبولحەسەن مونتەزەر لە هەمان دۆسیەیەدان کە ٤ کەسە لەسێدارەدراوەکان، تێیدا بوون و پێشتر لە ڕەوتی دادگاییکردنێکی نادادپەروەرانەدا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم لەسێدارەدانانە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی بنەماڵەکان و پارێزەران ئەنجام دراون و تەرمی هەندێک لە قوربانییەکانیش ڕادەست نەکراونەتەوە.
لێبوردنی نێونەتەوەیی جەختی کردووەتەوە کە هەموو ئەم کەسانە کەوتوونەتە بەر ئەشکەنجە و دادگاییکردنی نادادپەروەرانە و "دانپێدانانەکانیان" لەژێر گوشاردا لێ وەرگیراوە.
لە دۆسیەکانی پەیوەندیدار بە خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، حەوت گەنج سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە و دادگاییکردنەکانیان تەنیا چەند کاتژمێرێکی خایاندووە و ڕێگرییان لێ کراوە دەستیان بە پارێزەری سەربەخۆ ڕابگات.
لێبوردنی نێونەتەوەیی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان دوای پێشێلکردنی مافە دادوەرییەکانی بە "بێبەزەیانە، نامرۆڤانە و سووکانە" ناوبردووە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە گوشاری دەستبەجێ بخەنە سەر ئێران بۆ ڕاگرتنی لەسێدارەدانەکان و ڕێزگرتن لە مافی ژیان.
ئەم هەنگاوانە، نیشاندەری بەردەوامیی شەپۆلی سەرکوتی نەیاران و بەکارهێنانی لەسێدارەدانە وەک ئامرازێک بۆ دروستکردنی ترس و تۆقاندن لەنێو کۆمەڵگادا و نیگەرانییەکانی سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران زیاد کردووە.