کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حكوومەتی بریتانیا خوازیاری هێرشی نیزامی بۆ سەر رێژیمی سووریەیە

18:33 - 5 خەرمانان 2713

كوردستان میدیا: حكوومەتی بریتانیا داوای لەوڵاتانی ئورووپایی كردووە كە هەر چی خێراتر هێرشی نیزامی بكرێتە سەر رێژیمی سووریە.
رۆژنامەی تایمز بڵاوی كردەوە، بریتانیا سەرقاڵی تەیار كردنی هێزەكانی بە مەبەستی هێرش كردنە سەر سووریەیە و داواشی لە ناتۆ كردووە لەرێگای كەشتییە جەنگییەكانیەوە بنكە و بارەگاكانی رێژیمی سووریە بوردومان و تۆپبارن بكرێت.
وتەبێژی دەوڵەتی بریتانیا ئەوەی خستۆتە روو، چەند رۆژی دیكە پارلمانی بریتانیا لەپێوەندیی تاوتوێ‌ كردنی هێرشی نیزامی بۆ سەر سووریە كۆ دەبێتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا دیوید كامرون سەرۆك وەزیری بریتانیا داوای لە سەركۆماری ئەمریكا كردووە كە هەر چی خێراتر هێرشی نیزامیی بكرێتە سەر دامەزراوەكانی رێژیمی سووریە.

ئەو وتانەی سەرۆك وەزیری بریتانیا لەگەڵ پشتیوانی حیزبی لیبڕاڵ دێمۆكراتی بریتانیا بەرەوڕوو بۆتەوە.

لەلایەكی دیكەوە دەوڵەتی ئاڵمانیش خوازیاری ئەوە بووە، پێویستە كۆمەڵگەی جیهانی هەڵسوكەوتێكی لێبڕاوانە و جیدی لەگەڵ رێژیمی سووریە بكات.
ئەو هەڵوێست و لێدوانانە دوای ئەوە دێت كە چەند رۆژ لەمەوبەر رێژیمی بەشار ئەسەد چەكی شیمیایی بەدژی هاووڵاتیان بەكار هێنا و تێیدا ژمارەیەك كەسی بێ‌ تاوان بوونە قوربانی.
دوابەدوای هێرشی شیمیایی رێژیمی سووریە بۆ سەر هاووڵاتیان، ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە رایانگەیاندووە، لەكۆنفڕانسی نێودەوڵەتی ئاشتی كە بریارە لە ژنو بەڕێوە بچێت، بەشداریی ناكەن.
بەپێی راپۆرتێك كە لەلایەن چالاكانی مافی مرۆڤی سووریەوە بڵاو كراوەتەوە، لەئەنجامی ئەو بوردمانە شیمیاییەدا زیاتر لە 1300 كەس لەناوچەی دیمەشق كوژراون.