کوردستان میدیا

پێنجشەممه 8ی خەزەڵوەر 2720
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران مەئموریەتێکی قورس!

13:11 - 9 گەلاوێژ 2720

ئیبراهیم سالح ڕاد(لاجانی)

حیزبەکەمان، حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران، جێژنی یوبیلی ئەڵماسی خۆی دەگرێ. ئەوەش ئەرکمان دەخاتە سەرشان کە خۆمان و حیزبەکەمان هەرچی باشتر لەگەڵ پێداویستییەکانی ئێستا و قۆناخەکانی داهاتووی خەباتی میللی - دێموكراتیکی  گەلی کورد لە کوردستانی ئێران هاوئاهەنگ بکەین. هەرچەند وێنەیەکی ڕوونمان لەو وەزعە نییە کە بەرەوڕوومان دێ، بەڵام هەموو نیشانەکان ئەوە دەردەخەن کە ئاڵوگۆڕێکی گەورە لە ئێران و ناوچەکەدا بەڕێوەن و حیزبی دێموکرات دەبێ خۆی بۆ ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵیان ئامادە بکا.

ئێمە حیزبێکی جیددی و خاباتگێڕین، بۆیە خۆمان و ئەو مەئمورییەتەش بەجیددی دەگرین کە خستومانەتە سەر شانی خۆمان. مانای ئەو قسە ئەوەیە کە تێدەکۆشین گۆشەنیگای ڕوانینی حیزب بۆ دونیای دەوروبەر و ئەو وەزعە نوێیە کە خەریکە شكڵ دەگرێ بەرینتر بکەینەوە لەوەیکە هەیە.

 بەڕاستی خەریکە هەلومەرجێکی تەواو تازە دێتە پێش.هەلومەرجێک کە لێمان دەخوازێ ئێمەش خۆمان بۆ سواربوونی ئەو شەپۆلانە کە بەرەوڕوومان دێن ئامادە بکەین. پێشبینی و قۆستنەوەی شەپۆلان و سواربوونیان بۆ چوونەپێش بۆ حیزبێکی سیاسی وەک حیزبی ئێمە هەلپەرستی نییە بەڵکوو دووربینی سیاسی و هەلناسییە.

 ئێستا کە یادی حەفتاو پێنج ساڵەی دامەزرانی حیزبەکەمانداین جەژن دەگرین، باشتر لە پێگە و ڕیسالەتی حیزبی خۆمان لە نێو کۆمەڵگای کوردستاندا حاڵی دەبین. دەبینین کە میللەتەکەمان لە هەموو بارێکەوە لە دوایەیە. هەندێک میللەت موشکیلەی ڕێگاوبانیان هەیە، هەندێ میللەت گیروگرفتی ژینگەیان هەیە، هەندێک گیروگرفتی وزەیان هەیە، هەندێکیان مەسەلەی کورتخایەنیان هەن و هی واش هەن موشکیلەی درێژخایەنیان هەن. ئێمە هەموویمان پێکەوە هەن. ژێرچەپۆکەین،  ئازادیمان پێشێل دەکرێ، حکومەتی خۆمان نییە و چارەنوسی سیاسی خۆمانمان بەدەستەوە نییە، لەباری ئابووری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەوە لە هەژاری و مەینەتبەشیدا دەژین. نەخشێکی ئەوتۆمان لە پەرەسەندنی خۆمان و نیشتمانەکەماندا نییە.

حیزبی دێموکرات بۆ وەڵامدانەوە بەو وەزعە درووست بووە. تێکۆشان لە وەزعێکی ئاواشدایە کە نەخشی حیزبی ئێمە بەرجەستە و پڕبایەخ دەکا.

 نێوەڕۆكی پەیامی حیزب ئەوەیە کە کورد و کوردستان دەبێ لەو وەزعە بێنە دەر؛ ئێمە ئەوە حەفتاوپێنج ساڵە لەو ڕێگایەدا خەبات دەکەین و بە ڕابردووی پڕ لە شانازی خۆشمانەوە دەنازین بەڵام لەو بارودۆخە نوێیەدا کە ئێستا هاتۆتەگۆڕ، لە یوبیلی حەفتاوپێنج ساڵەی حیزبدا، ئەگەر دەمانهەوێ کاریگەر بین و ئەو مەئموریەتە بەرینەسەر کە خستومانەتە سەرشانی خۆمان، پێویستیمان بەوەیە خۆمان و تەشکیلات هەڵکێشینە ئاستێکی چەندقات سەرەوەتر لەوەی ئێستا و پێشوومان.

حیزبی ئێمە دەبێ بتوانێ وەڵامدەری مەسەلەکانی ئێستا و داهاتووی کوردستان بێت. لەوەش زیاتر دەبێ لە بردنەپێشی سیاسەتی ئێرانیشدا ڕۆڵێکی کاریگەر ببینێ. ئەوەش وامان لێ دەخوازێ، هونەرەکانی خەبات و تێکۆشان و مەیدانداریی و ململانێی سیاسی لە سەردەمی دونیای گڵۆباڵدا فێربین.

خەباتی ئەمڕۆی حیزبی ئێمە لەچاو ساڵانی ڕابردوو زۆر لەسەرترە هەر بۆیەشە پێویستیی بە لێوەشاوەیی و زەرفیەتی فکری و سیاسی و ئەخلاقی زۆرتر هەیە. ئێمە نامانهەوێ لە سیاسەتی کوردستان و ئێران و ناوچەدا بکەوینە پەراوێزەوە؛ هەربۆیەش تێدەکۆشین وەک ڕابردوو لە سەنگەری هەرەپێشەوەی خەباتی میللەتەکەماندا بین.

دیسکۆڕس و گوفتمانی سیاسی لە کوردستان بریتییە لە ڕزگاری و ئازادی و دێموکڕاسی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی. پایەکانی بەرنامەی سیاسی و جیهانبینی سیاسیی حیزبی ئێمەش لەسەر ئەو چوار کۆڵەکەیە دامەزراون.

هەموو خەڵکی کوردستان داخوازە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان لە بەرنامەی سیاسی حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێراندا، دەبیننەوە. بە میلێون کەس لە کوردستان ئامادەن گوێ لە پەیامی سیاسی حیزبی ئێمە بگرن و بۆ بردنەپێشی ئەو پەیامە مایە لە سەروماڵی خۆیان دانێن. ئەوە سەرمایەیەکی سیاسیی گەورەیە کە کەم هێزی سیاسی لە مێژوودا توانیویانە وەدەستی بێنێ بۆیە ئێستا دەبێ خۆشمان  و تەشکیلاتەکەمان لە ئاستی ئەو چاوەڕوانییانەدا بین کە خەڵک لێمانیان هەیە.

کۆمەڵگای کوردستان تەواو بۆتە کۆمەڵگایەکی سیاسی. کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستان خەریکە سەرهەڵدەدا. پێشکەوتنخوازی و نوێبوونەوە و چاوکرانەوەی سیاسی و فەرهەنگی بۆتە بەشێک لە کاراکتەری کەسایەتی کچان و کوڕانی کوردستان. قرچەقرچی شکانی مۆرەکانی بڕبڕەی پشتیی کۆمەڵگای سوننەتیی لە کوردستان، دێتە گوێی هەموو گوێیەک کە توانای بیستنی هەبێت. خەڵک نەک هەر خوازیاری ئەوەن دەستی ئاخوند لە سیاسەت و حکومەت و یاسادانان دوورخەنەوە،  بەڵكوو خەریکە زەینی خۆشیان لە بیرکردنەوەی مەزهەبی ئازاد دەکەن.

ئێمە ئەمڕۆ لەگەڵ کۆمەڵگایەک بەرەوڕووین کە زۆری فەرق هەیە لەگەڵ کۆمەڵگای سێ چوار دەیەی ڕابردوو. خەڵکی کوردستان و بە تایبەتی نەوەی تازەی کوردستان دەستیان کردووە بە موتاڵا و چاوخشاندنەوە بە سەرتاسەری مەوقعیەتی خۆیان و هۆیەکانی ئەو وەزعەی تێیدان بۆیە درووشمی سیاسی ڕۆژانە و هەندێک وشە و دەستەواژە و فۆڕمۆڵی ئاسانی سیاسی ناتوانن بۆ ئەوان بەس بن؛ دەورانی بمرێ فڵانەکەس و بژی فیسارەکەس لە سیاسەتی کوردیدا تێپەڕیوە.

حیزبێک کە پێشڕەویی ئەو میللەتە بکا دەبێ بڵند بڕوانێ و توانای ئەوە لەخۆیدا درووست بکا کە بە بڵنداندا بفرێ. جا ئەوە با ڕیسکیش بێ مەگەر حیزبی ئێمە هەموو ژیانی هەر خەتەرکردن نەبووە؟

خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامی و ڕووخانی ئەو ڕێژیمە، کە بۆ ئێمە زۆرگرنگە و لەو مەیدانەشدا کەس ناتوانێ موزایەدەمان بە سەردا بکا، تەنیا قۆناخێکە لە خەباتی ئێمە لەسەر ڕێگای ڕزگاری میللەتەکەماندا. ئێمە دەمانەوێت میللەتەکەمان بەرینە ئاستی میللەتانی ئازاد و بەختەوەری دونیا بۆیە ئەرکی حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران بەڕاستی زۆر قورسە.

ڕۆڵی ئێمە لە خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامیدا کورت نابێتەوە. ئێمە تەکانی ئاخر لە کۆمەڵگای کوردستان دەدەین .مەئموریەتی حیزبی دێموکرات ئەوەیە کۆمەڵگای کوردستان بخاتە سەر ڕەوڕەوەی پەرەسەندی خۆی واتە تەیک ئوف ( take off) بە کۆمەڵگای کوردستان بکات. کاتێک فڕۆکە دەکەوێتە حەرەکەت لە سەرەتادا لەسەر تەگەرەکانی دەڕوا بەڵام پاش ماوەیەک تەیک ئۆف دەکا یانی ئیدی دەکەوێتە سەر قودرەتی ماتۆڕەکانی خۆی و لە ئاسماناندا دەکەوێتە مەلە و دەڕواتە پێش. لە کۆمەڵناسی سیاسیدا تەیک ئۆف بەو قۆناخە لە پەرەسەندنی کۆمەڵگایەک دەڵێن کە ئیدی ئەو کۆمەڵگایە دەکەوێتە سەر چەرخەکانی پێشکەوتنی خۆی و دەتوانێ بۆخۆی گیروگرفتەکانی خۆی چارەسەرکا و بڕواتە پێش.

کاری حیزبی ئێمە ئەوەیە ئەو تەکانە تووندە لە میللەتی خۆمان بدا و بیخاتە سەرمەداری تەیک ئۆفکردن واتە کۆمەڵگای کوردستان بخاتە سەر مەداری ئازادی و دێموكراتی و مۆدێڕنیتە.

کۆمەڵگای کوردستان دەبێ لە ستەمی میللی و سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی ڕزگاری بێت.

پێش هەرشتێک پێویستە میللەتی کورد وەک هەر میللەتێکی دیکە حاکمیەت و مافی دیاریکردنی چارەنووسیی سیاسی خۆی بەدەستەوە بگرێ. پاشانیش دەبێ مافە مەدەنی و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتورییەکان لە کۆمەڵگای کوردستاندا دەستەبەر بکرێن. لەوەش زیاتر پێویستە مافەکانی منداڵان، ژنان، کەمئەندامان، کەمایەتییە مەزهەبی و ئیتنیکی و...لە کوردستاندا دابین بکرێن.

لە زانستە سروشتییەکاندا دەگوترێ ئامانجی تەکامول، تەکامولی زۆرترە. ئامانجی دێموکراسیش بۆ حیزبی ئێمە دێموکراسی زۆرترو زۆرتر و هەر زۆرترە. ئەزموونە مێژووییەکان ئەوە دەردەخەن هەر بەو ئەندازە کە پیادەکردنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی لە سەر حیسابی قوربانی کردنی ئازادی ئاکامەکەی کارەساتخوڵقێنە، هەوڵدان بۆ دابینکردنی ئازادیش لەسەر حیسابی لەبەرچاونەگرتنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی کارەساتی بەدوادا دێ؛ بۆیە حیزبی ئێمە چ لە بەرنامە سیاسییەکەی و چ لە سیاسەتی ڕۆژانەیدا هیچ کاتێک لەو مەسەلەیە غافڵ نییە. ئەوەشە ئەو مەوقعیەتە بێوێنەیەی بە حیزبی دێموکرات لە کۆمەڵگای کوردستاندا بەخشیوە.

ئەوەش مەئموریەتێکی گەورە و قورسە کە هاویشتومانەتە سەرشانی خۆمان.

با هێزی بیر و چاوەکانی حیزب، هێزی بازوو و ئەژنۆکانی حیزب، بۆ ئەنجامدانی ئەو مەئموریەتە گەورەیە بخەینە ژێر تەوانی دە.