کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داڕمانی مێژوویی بەهای تمەن؛ نرخی دۆلار ڕێکۆردی ١٩٠ هەزار تمەنی تۆمار کرد

11:44 - 13 بانەمەڕ 2726

ماڵپەڕەکانی بڵاوکەرەوەی نرخی زێڕ و دراو ڕایانگەیاند کە بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر بە دراوە بیانییەکان تووشی داڕمانێکی مێژوویی بێ‌وێنە بووە.

بەپێی ئەو ئامارانە، نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکا لە بازاڕی ئازاددا گەیشتە ١٩٠ هەزار تمەن و نرخی یۆرۆ بۆ ٢٢٣ هەزار تمەن و پۆندی بریتانیا بۆ ٢٥٨ هەزار تمەن بەرز بوونەتەوە.

هاوکات لەگەڵ شڵەژانی بازاڕی دراو، نرخی هەر گرەمێک زێڕی ١٨ عەیار گەیشتووەتە ٢٠ میلیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن و "سکەی تەواو بەهاری ئازادی" سنووری ٢١٢ میلیۆن تمەنی تێپەڕاندووە.

ئەم هەڵکشانە نیشاندەری ئەوەیە کە تەنیا لە ماوەی یەک حەفتەدا نرخی دۆلار ٢٢ لەسەد زیادی کردووە. هەروەها بەراورد بە دەسپێکی شۆکی شەڕ لە جۆزەردانی ١٤٠٤دا، نرخی دۆلار پتر لە دوو هێندە (١٠٤ لەسەد) هەڵکشاوە.

ئەم داڕمانە مێژووییەی بەهای تمەن لەکاتێکدایە کە ئابووریی ئێران لەژێر کاریگەریی لێکەوتەکانی شەڕ، توندتربوونی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و نادیاربوونی ئاسۆی دانوستانە دیپلۆماسییەکاندایە.