ڕۆژی شەممە، ١٢ی بانەمەڕ، لەسەر داوای "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران"، خۆپیشاندانێکی جەماوەری لە شاری ستۆکهۆڵم لە وڵاتی سوید بۆ مەحکوومکردنی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکە و کەمپەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو.
لەو خۆپیشاندانەدا کە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" دەستی پێکرد، بەشداربووان هۆشدارییان دا کە ڕێژیمی ئێران تەنانەت دوای ئاگربەستە نێودەوڵەتییەکانیش، بەردەوامە لە بە ئامانجگرتنی قوتابخانە، نەخۆشخانە و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکان کە بووەتە هۆی شەهید و برینداربوونی تێکۆشەران و ژن و منداڵان.
فرێدریک ماڵم، ئەندامی پارلەمانی سوید، لە وتارێکدا وێڕای مەحکوومکردنی تاوانەکانی ڕێژیم، دەستخۆشی لە یەکگرتوویی هێزەکانی ڕۆژهەڵات کرد و پاڵپشتیی خۆی بۆ خەباتی کورد دەربڕی.
لە بەشێکی تری ئەم خۆپیشاندانەدا، چەندین پەیام و برووسکەی هاوپشتی پێشکەش کران؛ پەیامی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکان بە زمانی فارسی لەلایەن "دیار" و پەیامی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق لەلایەن "محەممەد"ەوە خوێندرانەوە.
هەروەها "عەزیز مورادپەرست" پەیامی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە کورد و کوردستانییەکان، "جیهان زیب بەلووچ" پەیامی حیزبی گەلی بەلووچستان، و "موهیم سۆرخۆش" پەیامی حیزبی ڕاجی تپاکی بەلووچستانیان پێشکەش کرد.
هاوکات "ئیسماعیل کامیل" پەیامی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە سویدی خوێندەوە و لە کۆتاییشدا برووسکەی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان و ناوەندی جڤاکی دێموکراتیکی کورد لە ستۆکهۆڵم ئاراستەی بەشداربووان کرا.
خۆپیشاندانەکە دوای دوو کاتژمێر بە خوێندنەوەی برووسکەی هاودەردی و سروودی شۆڕشگێڕانە کۆتایی پێهات.