کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پچڕانی ئینتێرنێت ژیانی خەڵکی لە ئێران بەرەو قەیران بردووە

11:36 - 13 بانەمەڕ 2726

زیاتر لە دوو مانگە (٦٤ ڕۆژ) ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئینتێرنێتی بە شێوەیەکی سەرتاسەری پچڕاندووە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی قووڵی بژێوی و پەککەوتنی تەواوی کار و کاسبیی ئانلاین و خزمەتگوزارییە ڕۆژانەکانی هاووڵاتییان.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەمە یەکێکە لە درێژترین "خامۆشییە دیجیتاڵییەکان" لە مێژوودا، کە زیانێکی قورسی ئابووریی بە کاسبکارانی ئینتێرنێتی و چالاکانی بواری دیجیتاڵ گەیاندووە و بووەتە هۆی بێکاربوونی هەزاران کەس.

هاووڵاتییان دەڵێن پچڕانی ئینتێرنێت نەک هەر دەستڕاگەیشتنیان بە زانیارییە ئازادەکانی سنووردار کردووە، بەڵکوو بووەتە هۆی گرانبوونی بژێو، کەمبوونەوەی توانای کڕین و پەککەوتنی خزمەتگوزارییە پێویستەکانی وەک تاکسیی ئانلاین و سیستمی پارەدانی بانکی.

چاودێران پێیان وایە کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی زیاتری کۆمەڵگە و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زانیارییەکان، ئابووری و ژیانی هاووڵاتییانی کردووەتە قوربانیی سیاسەتە ئەمنییەکانی خۆی.