شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایان، بەبۆنەی ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەیانییەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا ڕایگەیاند کە ساڵی ڕابردوو یەکێک لە "تاڵترین و سەرکوتکراوترین" قۆناغەکانی مێژووی پەروەردە و فێرکردن بووە لەژێر سێبەری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە ساڵی ڕابردوو لێوانلێو بووە لە کوشتار، دەسبەسەرکردن و گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر مامۆستایان و قوتابییان.
لەو بەیانییەیەدا باس لەو کراوە کە ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانی ئازادیخواز لە جیاتی ئەوەی لەنێو پۆلەکانی خوێندندا بن، بەهۆی بانگهێشتکردن، لێپرسینەوە و زیندانیکردنەوە لە مافەکانیان بێبەش کراون. هاوکات جەخت لەوە کراوەتەوە کە لە ئاکامی ئاڵۆزییە سیاسی و سەربازییەکانی ڕێژیمدا، ژمارەیەک لە قوتابییانیش بوونەتە قوربانی و گیانیان لەدەست داوە.
نووسەرانی بەیانییەکە وێڕای ئاماژەدان بە دیاردەی "پۆلە بێمامۆستاکان" و "کورسییە چۆڵەکان"، ڕایانگەیاندووە کە سیستمی پەروەردە لە ئێراندا لە مافێکی گشتییەوە گۆڕدراوە بۆ "ئیمتیازێکی چینایەتی" و گۆڕانکارییەکانی ساڵی ڕابردوو ئەم قەیرانەی قووڵتر کردووەتەوە.
لە کۆتایی بەیانییەکەدا، شۆرای هاواهەنگی مامۆستایان جەختی کردووەتەوە کە سەرەڕای هەموو سەرکوت و بێبەشکردنەکان، مامۆستایان هێشتا وەک چرای هۆشیاری و ئومێد ماونەتەوە و بەردەوامن لە خەبات بۆ دەستەبەرکردنی سیستمێکی پەروەردەیی بەخۆڕایی، یەکسان و مرۆڤانە.