بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل، ئەرتەشی ئەو وڵاتە خۆی بۆ سێناریۆی دەسپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادە دەکات.
بەپێی هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی تێلاڤیڤ، ئەگەر گەمارۆ ئابووری و دەریاییەکانی ئەمریکا لە داهاتوویەکی نزیکدا نەبنە هۆی واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ تاران، ئەگەری زۆرە دۆناڵد ترامپ فەرمانی دەسپێکردنەوەی هێرشەکان دەر بکات.
ئەم ڕاپۆرتە ئاماژە بەوە دەکات کە هەرچەندە ئیسرائیل زانیاریی وردی لەسەر ئەگەری هێرشەکان نییە، بەڵام ئەرتەشی خۆی بۆ هەر چەشنە وڵامدانەوەیەکی تاران دژی ئیسرائیل ئامادە کردووە.
هاوکات "ئەیال زەمیر"، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی ئەرتەشی ئیسرائیل، لەگەڵ "براد کووپەر"، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام)، بۆ هاواهەنگی لەسەر سێناریۆ ئەگەرییەکان وتووێژیان کردووە.
لەم چوارچێوەیەدا و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە مەبەستی تەواوکردنی ئامادەکارییە سەربازییەکان، لە ڕێگەی چەندین گەشتی ئاسمانیی گواستنەوەوە، هەزاران پارچە چەک و کەرەستەی جەنگی گەیەندراونەتە ئیسرائیل.