کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران داوای ئازادکردنی هاوسەرۆکانی HDPی کرد

16:31 - 15 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: پاش گرتن و دەسبەسەر کردنی هاوسەرۆکانی HDP و بەشێک لە پارلمانتارانی ئەم ڕێکخراوەیە لەلایەن دەوڵەتی تورکیەوە وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان میدیا هەڵوێستی فەرمی حیزبی دێموکراتی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردەوە و تێیدا نیگەرانی خۆی لەم دەستگیرکردنانە دەربری.

بەڕێز حەسەن شەرەفی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات و وتەبێژی فەرمی حیزب لەمبارەوە وتی: ئەوەی رۆژی هەینی رێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی بەرانبەر بە ٤ی نوامبری ٢٠١٦ی زایینی رووی دا و هاوسەرۆکانی HDPو ژمارەیەک لە پارلمانتارانی ئەو رێکخراوەیە لە لایەن پۆلیسی تورکیە و بە بڕیاری دەزگای قەزایی ئەو وڵاتە دەستگیر کران، لە روانگەی ئێمەوە بەلەبەرچاوگرتنی ئەوە کە HDPرێکخراوێکی رێگەپێدراو و یاساییە لەم وڵاتە و پارلمانتارەکانیش بە شێوەی یاسایی و بەدەنگی خەڵک هەڵبژێردراون، دەستگیرکردنیان جێگای نیگەرانیە و بە کردەوەیەک دادەنرێ کە لە بەرژەوەندی خەڵکی ئەو وڵاتە و تەنانەت لە بەرژەوەندی حکومەتی تورکیەشدا نەبێ، چوونکە کردەوەی لەو شێوە رێگای چارەسەری کێشەکان لە رێگای پارلمان لەگەڵ گیروگرفت بەرەو روو دەکا.

بۆیە لەو پێوەندییەدا ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران داوا لە حکوومەتی تورکیە دەکەین کە دەستگیرکراوەکان ئازاد بکا و هەر دوولا تێبکۆشن لە رێگەی وتووێژەوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

لینکی پێوەندیدار:
هاوسه‌رۆكه‌كانی HDP و نۆ پا‌رله‌مانتاری‌ ده‌ستگیركران