کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە لەسەر کاری هاوبەشی سیاسی بە شێوەی مەیدانی پێداگراییان کردەوە

17:11 - 29 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە دیدارێکدا لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات کۆبوونەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، هەیئەتێکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی عەبدوڵڵا موهتەدی سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لەلایەن هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستیی مستەفا هیجری پێشوازییان لێ‌کرا.

لەو دانیشتنەدا دوو لایەن کۆمەڵێک خاڵی هاوبەشیان سەبارەت بە پرسە سیاسییەکان خستە بەر باس و لێکدانەوە. سەرەتا باس لە ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، شەڕی داعش و چۆنیەتی هەڵسوکەوت دوای شەڕی داعش، شەڕی مووسڵ و حەلەب کرا و دواتر پێداگری کرایەوە لەسەر بایەخ دانی زیاتر بەو فاکتەرانەی کاریگەریی ئەرێنیان هەیە لەسەر بزووتنەوەی کورد بەگشتی و بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی.

هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەلاڕێدا بردنی خەباتی کورد و مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی، بەشێکیتر لەو باسە سیاسییە بوو کە هاتە ئارا و بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم هەوڵە نەزۆکانە، جەخت لەسەر کاری هاوبەش لە بواری سیاسی بە شێوەی مەیدانی کرایەوە، باس لە چڕتر کردنەوەی هاوکارییەکان کرا و جەخت کرایەوە کە ڕوانینی هاوبەش و هەڵوێستی هاوبەش ئەرکێکی سیاسی و مێژووییە کە دەکەوێتە سەرشانی هەر دوولایەنی سیاسی و دەبێ وەکوو پێویست کاری لەسەر بکرێت.

لە بەشێکیتری ئەو دانیشتنەدا، سیاسەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و ئەو قەیرانانەی لە ئاستی نێوخۆیی و ناوچەیی لەگەڵی ڕووبەڕووە خرایە بەر باس و دوو لایەن لەو باوەڕەدا بوون کە کۆماری ئیسلامی دوای ڕێککەوتنی بەرجامیش نەیتوانیوە لە بواری ئابووری کەمترین هەنگاوی بۆ خزمەت بە کۆمەڵانی خەڵک و کەم کردنەوەی ئەو قەیرانە ئابووریەی لەگەڵی بەرەوڕوو هەڵگرتووە.

لە بەشێکیتری باسەکەدا، باس لەوە کرا کە؛ درێژەدانی سیاسەتی زەبروزەنگ بەنیسبەت چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی کەشێکی پێکهێناوە کە کۆمەڵانی خەڵک زیاتر لە جاران ناڕەزایەتی دەربڕن و چاوەڕوان دەکرێت ئەو ناڕەزایەتیانە بەرینتر ببنەوە و دەرەتانی خەباتی سیاسی و مەدەنی زیاتر ببێ.

لە باری سیاسەتی ناوچەشەوە زیادەخوازیی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتی دەستێوەردان لە وڵاتانی سووریە و یەمەن و لوبنان... تێچوویەکی زۆری خستووەتە سەر شانی کۆماری ئیسلامی و وا نیشان دەدا کە دەتوانێ لە داهاتوودا ببێتە لایەنێکی شوێندانەر لە پڕۆسەی سیاسی ناوچەکەدا، بەڵام کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی وڵاتانی عەرەبی و بەشداریی هێندێ لە بەرپرسانی ئورووپایی و دیپلۆماتکارانی شارەزا لە پرسی ناوچە لەو کۆبوونەوانەدا، مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و نائەمن کردنی ناوچەکە، و یارمەتییەکانیان بۆ دەستە و تاقمە توندڕەوە تیرۆریستیەکان باسی لێوە کرا و هەردوولا لەو باوەڕەدا بوون کە کۆماری ئیسلامی لە داهاتوودا پێچەوانەی تەبلیغاتی خۆی زیاتر گوشاری سیاسی و ئابووری دەکەوێتە سەر، و مەیدانی پەلهاویشتنی بۆ شوێنەکانی دیکەی لێ بەر تەسک دەبێتەوە، و ئەو گوشارە سیاسی و نێونەتەوەیی و نێوخۆییە زیاتر کاریگەری لەسەر داماویی ڕێژیم لە بواری سیاسیدا دەبێ و بێ‌توانایی ڕێژیم زیاتر دەردەخات.

سەبارەت بە هاوکاریی هەر دوولایەن، بە ئاوڕدانەوەیەک بە ڕێککەوتننامەی سیاسیی نێوانیان، جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە هەیئەتی هەردوولا لە بواری جۆراوجۆردا پێکەوە درێژە بە دانیشتنەکانیان بدەن و لەسەر بەرنامەی کاری هاوبەشیان ئامادەکاریی پێویست بکەن.

لەو کۆبوونەوەیەدا لەسەر ئەو پێداویستییەش پێداگری کرایەوە کە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەپێی بارودۆخی سیاسیی هەرکامیان، درگای دانیشتن و دیالۆگ بۆ گەیشتن بە بەرنامەیەکی عەمەڵی ئاواڵا بهێڵنەوە.