کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات و یەکیەتی بۆ دێموکراسی لە ئێران کۆبوونەوە

14:13 - 2 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: هەیئەتی نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یەکیەتی بۆ دێموکراسی لە ئێران، لە سەر دۆخی سیاسیی ئێران و ناوچەکە و چالاکیی نوێی حیزبی دێموکرات ئاڵوگۆڕی بیر و ڕایان کرد.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، هەیئەتی نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یەکیەتی بۆ دێموکراسی لە ئێران (اتحاد برای دموکراسی در ایران) لە سەر دۆخی سیاسیی ئێران و ناوچەکە و چالاکیی نوێی حیزبی دێموکرات، لە پاریس کۆبوونەوە و ئاڵوگۆڕی بیر و ڕایان کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا دوو لایەن لە سەر پێویستیی هاوتەریب‌کردنی هەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی دێموکراسی لە ئێراندا و لابردنی هەر چەشنە هەڵاواردن، سەبارەت بە پشت‌بەستن بە بزووتنەوە مەدەنی و ناڕەزایەتییەکان لە سەرتاسەری ئێراندا، جەختیان کردەوە.

هەروەها لەو کۆبوونەوەیەدا لە سەر پێویستیی پەرەپێدانی وتووێژ و دیالۆگی ئامانجدار لە نێوان هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی ئێران بۆ پێکهێنانی ڕێککەوتنێک لە سەر چۆنیەتی تێپەڕین بەرەو دێموکراسی و دامەزراندنی سیستمێکی دێموکراتیک لە ئێراندا، هاوڕا و یەک‌دەنگ بوون.

نوێنەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو دیدارەدا سەرەڕای شی کردنەوەی هۆکارەکانی گرتنەبەری سیاسەتی نوێ، لە سەر زاتی بەرگری و چالاکیی چەکداری پێداگرییان کردەوە و جەختیان کردەوە کە ئەو چالاکیانە تەنیا وەکوو پشتیوانی بۆ خەباتی مەدەنی و دوور لە توندوتیژی خەڵک گرتوویانەتە بەر.

هەیئەتی نوێنەری یەکیەتی بۆ دێموکراسی لە ئێران، بە جەختکردنەوە لە سەر ئەزموونەکانی جیهان و بەپێی دۆخی ئێستا لە ئێراندا، ڕوانینی خۆیان سەبارەت بە پێویستیی پشت بەستن بە بزووتنەوە و خەباتی مەدەنی و دووری لە توندوتیژی بۆ دروستکردنی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی سیاسی لە ئێراندا و ستراتژیی تێپەڕین بەرەو دێموکراسی بە پشت بەستن بە دەنگ و هەڵبژاردنی ئازاد قسەیان کرد.

لە کۆتایی ئەو دیدارەدا لە سەر پێویستیی بەردەوامیی ئەو وتووێژانە و پەرەپێدانی لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکانی ئێرانی بۆ دروستکردنی دیالۆگێکی نەتەوەیی لە سەر پێکۆڵە سیاسییەکانی ئێستا، ڕێککەوتن و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و نوێنەرانی یەکیەتی بۆ دێموکراسی لە ئێران جەختیان لە سەر ئەو پێویستییانە کردەوە.