کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی گەلی میسر: رێژیمی ئێران دەستێوەردان لە کاروباری میسر دەکات

22:47 - 15 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: سکالایەک لەلایەن حیزبی گەلی میسرەوە لەدژی دەفتەری پاراستنی بەرژەوەندییەکانی رێژیمی ئێران لە میسر بەرز کرایەوە.
هەواڵدەرییەکانی میسر بڵاویان کردووەتەوە، حیزبی گەلی میسر سکاڵایەکی لەدژی دەفتەری پاراستنی بەرژەوەندییەکانی رێژیمی ئێران لە قاهیرە، بۆ دادگا بەرز کردووەتەوە و رایگەیاندووە: ئێمە وەکوو ئەندامانی دامەزراوەیەکی نیشتمانی، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆمان لەهەمبەر کارکردی دەفتەری نوێنەرایەتیی پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی رێژیمی ئێران لە قاهیرە لە دەرەوەی گرێبەستە فەرمییە دیپلۆماتیکەکان، خوازیاری داخستن و دەرکردنی تێکڕای پێرسۆنێلی ئەو دەفتەرە لە وڵاتەکەمان داین.

مەحموود نەفادی پارێزەری حیزبی گەلی میسر پاش بەرزکردنەوەی ئەو سکالایە بۆ دادگای بەرزی وڵات، بە میدیاکانی راگەیاند: دەستێوەردانە سیاسی و ناسیاسییەکانی پێرسۆنێلی دەفتەری پاراستنی بەرژەوەندییەکانی رێژیمی ئێران لە میسر و هاریکاریی ئابووری و سیاسیی گرووپە تیرۆریستییەکانی ئەخوان ئەلموسلمین، کۆکردنەوە ئەندامانی ئەخوان لە سەرانسەری جیهان لە تاران و رێکخستنی خۆپیشاندان دژی دەوڵەتی تازەدامەرزراوی میسر لە مەیدانی ئازادیی تاران، هۆکاری بەرزکردنەوەی سکاڵای ئێمە بۆ دادگای باڵای وڵاتی میسرە.

نەفادی هەروەها دەوڵەتی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بە \'\'دوژمنایەتیی ئیرادەی نەتەوەیی گەلی میسر\'\' تاوانبار کردووە و وتوویەتی: رێژیمی ئێران راشکاوانە لە کاروباری نێوخۆی وڵاتی میسر دەستێوەردان دەکات و لایەنگرانی ئەخوان ئەلموسلمین بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان هان دەدات هەتا هەڵبژاردنی سەرکۆماریی میسر بباتە ژێر پرسیار.

پێشتریش وەزارەتی کاروباری دەرەوەی میسر \'\'موجتەبا ئەمانی\'\' بەرپرسی دەفتەری پاراستنی بەرژەوەندییەکانی رێژیمی ئێرانی بانگهێشت و ناڕەزایەتیی دەوڵەتەی وڵاتەکەی لەهەمبەر کارکردی ئەو دەفتەرە لە دەرەوەی گرێبەستە فەرمییە دیپلۆماتیکەکانی دیپلۆماتکارانی ئێرانی لە قاهیرە و بەتایبەت لەگەڵ دەست و پێوەندییەکانی ئەخوان ئەلموسلمین راگەیاندووە.

هەتا ئێستا وەزارەتی دەرەوەی ئێران هیچ کاردانەوەیەکی لەهەمبەر سکاڵای حیزبی گەلی میسر لەدژی دەفتەری پاراستنی بەرژەوەندییەکانی رێژیمی ئێران لە میسر نیشان نەداوە.

دەوڵەتی میسر چەند مانگ پێش ئێستا گرووپی ئەخوان ئەلموسلمینی وەکوو گرووپێکی تیرۆریستی ناساند و کار و چالاکییەکانی قەدەغە و ئەندامەکانی دەسبەسەر و بە ئیعدام مەحکووم کران.

پاش وڵاتی میسر، دەوڵەتانی وڵاتانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و سعوودیەش ئەخوان ئەلموسلمینیان خستە نێو لیستی تیرۆرەوە.

پێوەندییە ئێران و میسر هەتا پێش شۆڕشی گەلانی ئێران جیا لەو ماوەیە کە ناکۆکی لە نێوان جەماڵ عەبدولناسر و محەممەد رەزا پەهلەوی هەبوو، ئاسایی بووە، بەڵام لەگەڵ واژۆی پەیمانی \'\'کەمپی دەیڤید\'\' پێوەندییە کۆماری عەرەبیی میسر و رێژیمی ئیسلامیی ئێران پچڕا.

دەوڵەتی میسر لە سەردەمی سەرکۆماریی حوسنی موبارەکدا بەشێوەی راستەوخۆ و وناڕاستەوخۆ، رێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بە پشتیوانی لە تیرۆریزم تاوانبار دەکرد.

پەیمانی کەمپی دەیڤید رێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، لە نێوان \'\'ئەنوەر سادات\'\' سەرکۆماری ئەو کاتی میسر و \'\'مەناخیم ولفۆڤیچ بێگین\'\' سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی ئیسراییل سەربە حیزبی لیکوود، واژۆ کرا.