کوردستان میدیا

هەینی 14ی سەرماوەز 2720
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەفتاوپێنج ساڵ خەبات بۆ کوردستان

18:13 - 25 گەلاوێژ 2720

چیا عەلیار  

دەگمەن هەڵدەکەوێ لە جیهاندا کە ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕ زیاتر لە حەوت دەیە خەبات بکات بە بێ ئەوەیکە لە سەر خاک و زێدی خۆی بێت و دەسەڵاتی بەدەستەوە بووبێت و هێشتا توانیبێتی نەک هەر لە سەر پێی خۆی ڕاوەستێ، بگرە لە ئاڵوگۆڕە ناوچەییەکاندا فاکتەرێکی بەهێز بێت و خوێندنەوەی بۆ بکرێ. 

حیزبی دێموکرات لەو دەگمەن ڕێکخراوانەیە کە لە ماوەی حەفتاوپێنج ساڵدا، یازدە مانگ لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا و پاشان لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێراندا ماوەیەکی کورت لە ناوچەیەکی بچووکی جوغرافیایی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەسەڵاتێکی سنوورداری بەدەستەوە بووە، بەڵام ئەو حیزبە بەو حاڵەش توانیویەتی هەم قەوارەی حیزبەکەی ڕابگرێ، هەم لە ئاڵۆگۆڕەکاندا خوێندنەوەی تایبەتی بۆ بکرێ و هەم خۆشەویستی خۆی لە دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا بە بەرزی بهێڵێتەوە، تەنانەت نەوەیەکی نوێ کە پێشمەرگەی نەدیوە، ئامادەیە کار بۆ ئەو حیزبە بکات و لە پێناو ئامانجەکانیدا گیانی بخاتە مەترسییەوە. 

ئەوانە سەرەڕای ئەوە دێن کە لە ماوەی ئەو حەفتاوپێنج ساڵەدا دوو دەسەڵاتی داپڵۆسێنەر و دیکتاتۆری پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی، بۆ بەچۆکداهێنانی گەلی کورد هەمیشە نوکی هێرشەکانیان و پیلانداڕشتنەکەیان ڕوی لە حیزبی دێموکرات و ئەندامان و چالاکانی ئەو حیزبە بووە، چونکە دوژمن باش دەزانێ لاوازی حیزبی دێموکرات لاوازی خەباتی ڕەوای گەلی کوردە. 

خاڵی دیکەی جێگای سەرنج ئەوەیە کە لەو ماوە دوورودرێژەدا جیا لەوانەی باس کران، هاوکات لێکدابڕان و ئینشعاب و کێشە نێوخۆییەکانیش بەشێکی دیکە بوون کە بەرۆکی ئەو حیزبەیان گرتووە و بەشێکی هێز و وزەی جووڵانەوە تەرخان کراوە بۆ ئەو مەسەلەیە، کە لە نێو ئینشعابەکانیشدا کە لە حیزبی دێموکرات کراوە، هیچ کامیان سەرکەوتوو نەبوون، بەشێک بوونە داردەستی رێژیمی ئێران و بەشێکیش تیکەڵ بە جووڵانەوەی کورد و حیزبی دێموکرات بوونەوە.....

هۆکاری ئەو ماوە دوور و درێژە لە خەباتدا مانەوە، سەرەڕای ئەو هەمووە ئاستەنگ و تەنگ و چەڵەمەیە کە بە کورتی ئاماژەیەکی بچوکیان پێ کرا، زۆر هەڵدەگرێ  بەڵام ئەگەر بە کورتی هەوڵ بدەین ئاماژەیان پێ بکەین کە چەند خاڵی ئەساسیدا خۆی دەنوێنی کە ڕەنگبێ هەر خاڵێکیش لق و پۆپی زیاتری لێ ببێتەوە. 

یەکەم، حیزبی دێموکرات لە سەر بناغەی نەتەوەیی نەک ئیدئۆلۆژی دامەزرا، واتە حیزبی هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگای کوردستان بوو، ئاغا و جوتیار، مەلا و کرێکار، ڕاست و چەپ، دیندار و بێ دێن، بە هی خۆیان دەزانی و وەک یەک هەوڵیان بۆ دەدا، 

دووهەم: دامەزرانی کۆماری کوردستان لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە، کە خۆی تازە دامەزرابوو، بڕیارێکی ئازایانە و مێژویی بوو کە یەکەم جار ئەو ڕیشەیەی لە قووڵایی خاکی کوردستاندا داکوتا. 

سێهەم: دەور و ڕۆڵی شەهید دوکتور قاسملوو، لەوەیکە حیزبی دێموکراتی پاش کۆماری کوردستانی جارێکی تر بەڕۆژ یا بە واتایەک ئاپدەیت کردەوە. لە نووسینی بەرنامە و ئەساسنامەی نوێ هەتا هێنانە دەری حیزب لە ژێر باڵی حیزبی تودە و شۆڕشی باشوور، 

ئەگەر تا ئەو سەردەم و پێش شۆڕشی گەلانی ئێران حیزبی دێموکرات، ئەو هێزە بوو کە کوردەکان لە بەشەکانی دیکە و ئێرانییەکان دەیانناسی، پاش ئەوەی دوکتور قاسملوو سەرکردایەتی ئەو شۆڕشەی وەئەستۆ گرت، بە هەوڵ و ماندویی ئەو بوو کە حیزبی دێموکرات توانی سنوورەکانی ناوچەیی ببەزێنی و لە نێو کۆڕ و کۆمەڵی ئورووپاییشدا وەک حیزبێکی دێموكرات و دێموکراسیخواز (لە سەردەمێکدا کە فەلەستینییەکان تێرور و وەحشەتیان دروست دەکرد) پێناسەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبت بکات، کە بەهێزترین پێوەندی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوایی هەبوو، دانی بوورسی خوێندن و تیماری بریندارەکان و هاتنی پزیشکانی بێ سنوور بۆ نێو حیزبی دێموکرات و ڕاپۆرت و ڕێپۆرتازی ڕۆژنامەوانانی ئورووپایی لە سەر شۆڕشی کورد و حیزبی دێموکرات بەشێکی بچوکی ئەو کارانە بوون کە حیزبی دێموکرات و شەخسی شەهید دوکتور قاسملوو لە ناساندنی کورد و خەباتی دێموکراسیخوازانەی بە جیهانیان دەناساند و یارمەتی مرۆڤدۆستانەش لەلایەن ئەوانەوە بۆ کورد دەهات. 

نەخۆشخانەکانی بەشێک لە وڵاتانی ئوروپایی بریندار و کەمئەندامان و پێشمەرگەکانی حدکای تێدا جێگیر بوو کە بە بێ هیچ پاسپۆرت و ئیقامە وەرگرتنیک و هیچ هەزینەیەک یارمەتیان دەکردن و پاشان ئیزنی مانەوەیان پێ دەدرا تەنیا بەو هۆیە کە ئەو پێشمەرگەیە لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە نێردراوە.

داڕشتنی وەستایانەی ئەو پێوەندییە لەگەڵ ئاستی بەرزی دەسەڵاتی ئورووپادا بە تایبەتی کە لە ناوچەی پڕمەترسی و کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوینەوە بێت، نەک ئەو کات ئێستاش بە کەس ناکرێ و ئەوە شاکارێک بوو کە دیپلۆماسی قاسملوو دەیکرد. 

چوارەم: مانەوە لە سەر یەک ویست و داخواز، زۆر لایەن هەن کە با لە کوێ ڕا بێت لەوێ ڕا شەن دەکەن، لەگەڵ ئاڵۆگۆڕە جیهانییەکان ئەوانیش ١٨٠ دەرەجە ئیدە و مەرامەکانیان دەگۆڕن، بەڵام حیزبی دێموکرات وەک پێشتریش ئاماژەم پێ کرد، لە سەر خەباتی نەتەوایەتی و سەروەری گەلی کورد سوور بووە و ئەوەش هۆکارێکی دیکەیە کە خەڵک بڕوا بەو حیزبە بکات و هیواکانی خۆی لە دەلاقەی حیزبی دێموکراتەوە ببینێتەوە. 

کۆی ئەو خاڵانە و لێکگرێدانیان بۆتە هۆی ئەوەیکە حیزبی دێموکرات ئێستاش پاش حەفتاوپێنج ساڵ تێکۆشان هەر لە ڕیزی تێکۆشاندا بمێنێتەوە و هەر جێگای هیوا و هومێدی خەڵکی کوردستان بێ. 

لێکگرێدانی خەبات لە ئەشکالی جۆراوجۆردا هەوڵێک بووە کە هەمیشە حیزبی دێموکرات داویەتی کە دوانمونەی لێکگرێدانی خەباتی شار و شاخ ناسراو بە ڕاسانە. 
لە کاتێکدا کە هیچ هیوایەک بەدی نەدەکرا و زلهێزان بە تەمای سازان بوون لەگەڵ ڕێژیمی ئێران و زۆر کەس ئایەی یەئسیان دەخوێند، حیزبی دێموکرات دیسان بڕیارێکی دا کە لە مێژووی زێڕینی خۆیدا چەشنی کۆماری کوردستان و جووڵانەوەی ٤٦/٤٧ تۆمار کرا، بڕیاری ڕاگەیاندنی وەرزێکی دیکە لە خەبات بە ناوی ڕاسان، بڕیارێک کە لەگەڵ ئەوەی هەزینەی زۆر بوو بەڵام دەسکەوتەکانی چەندقات زیاتر، بڕیارێک کە نەک تەنیا حیزبی دێموکرات بەڵکوو جووڵانەوەی کوردی لە ناهومێدی هێنا دەر و تین و وزەی دا بە هەموو لایەنە شۆڕشگێڕەکانی دیکەش تەنانەت، وزە و تینی دا بە نێوخۆی وڵات و چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکان و هاوکات بە پەیامێکی ڕوون و ئاشکرا بە دوژمن بوو کە (کەس نەڵی کورد مردووە، کورد زیندووە، زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاکەمان)

پیرۆز بێ حەفتاوپێنج ساڵ خەباتی بێوچانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران