بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هاتوچۆی ئاسمانیی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، کە بەشێکی زۆری ئەو فڕۆکانە لە جۆری گواستنەوە و سووتەمەنیبەری ئاسمانین.
داتاکانی فڵایت ڕادار ٢٤ (Flightradar24)، کە بەرنامەیەکی چاودێریی گەشتە ئاسمانییەکانە، دەری دەخەن کە ڕۆژی شەممە ١٢ی بانەمەڕ، تێبینی زیادبوونێکی نائاسایی لە ژمارەی فڕۆکە سەربازییەکانی ئەمریکا کراوە کە لە ئورووپاوە بەرەو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە بوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کە هەواڵدەریی ئەلجەزیرەش بڵاوی کردووەتەوە، زۆربەی ئەو فڕۆکانەی ڕەوانەی ناوچەکە کراون لە جۆری فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازیی بوون، کە هەر یەکێکیان توانای گواستنەوەی نزیکەی ٧٧ تۆن کەرەستە و نزیکەی ١٠٠ پێرسۆنیلی سەربازییان هەیە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لانیکەم ١٢ فڕۆکەی گواستنەوە لە ڕێگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوون کە هەندێکیان لە ئاڵمانەوە بەرەو ناوچەکە بەڕێکەوتبوون.