وەزیری دەرەوەی ئاڵمان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی رێژیمی ئێران، داوای کردووە تاران دەستبەجێ گەرووی هۆرمۆز بکاتەوە و بە یەکجاری واز لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بهێنێت.
یۆهان وادەفوول، وەزیری دەرەوەی ئاڵمان ڕایگەیاند، وەک هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکا جەختیان کردووەتەوە کە دەبێت ئێران بە شێوەیەکی سەلمێنراو دەست لە چەکی ئەتۆمی هەڵبگرێت.
وادەفوول لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە تاران هاوشێوەی داواکارییەکەی ئەمریکا، دەستبەجێ گەرووی هۆرمۆز بۆ هاتوچۆی نێودەوڵەتی بکاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، میدیاکانی کۆماری ئیسلامی تەنیا باسیان لە قسەکانی عێراقچی کردووە سەبارەت بە "هەوڵەکانی تاران" بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و بە تهواوەتی سانسۆری داواکارییەکانی ئاڵمانیایان کردووە کە پەیوەندیداربوون بە داخستنی گەرووی هۆرمۆز و دۆسییەی ئەتۆمییەوە.