وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە لە ڕێگەی "گەمارۆی ئابووریی هەمەلایەنە"وە گوشارێکی بێوێنەیان خستووەتە سەر کۆماری ئیسلامی، بەجۆرێک کە تاران تەنانەت توانای دابینکردنی مووچەی سەربازەکانی نەماوە.
سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فاکس نیوز" ئاماژەی بەوە کرد کە هاوشان لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی سەربازی، گەمارۆیەکی توندی ئابوورییان بە ناوی "تووڕەیی ئابووری" دژ بە ئێران دەست پێ کردووە.
ناوبراو جەختی کردەوە کە ئامانجیان خنکاندنی ئابووریی کۆماری ئیسلامییە و ڕێگری لە هەر جۆرە گواستنەوەیەکی پارە بۆ سپای پاسداران دەکەن.
بێسێنت سوای پاسدارانی بە دامەزراوەیەکی "گەندەڵ" ناو برد کە ساڵانە سامانی خەڵکی ئێرانیان دزیوە و ڕایگەیاند، ئەمریکا سامانە دزراوەکانی دەسەڵات لە دەرەوەی وڵات دەستنیشان دەکات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بۆ گەلی ئێرانی بپارێزێت.
هاوکات لەگەڵ ئەم گەمارۆ ئابوورییە، گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران بەردەوامە و وەزارەتی خەزێنەداریی هۆشداریی توندی داوەتە شیرکەتەکانی کەشتیوانی کە هەر جۆرە پارەدانێک بە ئێران بۆ تێپەڕین لە گەرووی هۆرمۆز، دەبێتە هۆی سزادانیان لەلایەن واشنگتۆنەوە.