بەهۆی پچڕان و سنووردارکردنی ئینتێرنێت لە ئێران، مامۆستایانی زانکۆ بۆ ڕاپەڕاندنی کارە زانستییەکانیان ناچارن لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا "نۆرە" بگرنەوە.
عەلیڕەزا ئیستیقامەتی، سەرۆکی دانیشکەدەی پزیشکیی تاران ڕایگەیاندووە کە بەهۆی نەبوونی ئینتێرنێت لە دەرەوەی زانکۆ و لە کاتەکانی شەودا، چالاکییە زانستییەکان پەک کەوتوون و تەنانەت "ئینتێرنێتی تایبەت"یش کە بۆ مامۆستایان تەرخان کراوە، وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکان نییە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ٦٥ ڕۆژە ئینتێرنێت لە ئێران بە شێوەیەکی بەربڵاو پچڕاوە. کۆماری ئیسلامی لە پەنای سەپاندنی "ئینتێرنێتی چینایەتی"، بەکارهێنانی ئینتێرنێتی ماهوارەیی (ستارلینک)یشی قەدەغە کردووە، کە ئەمەش لەلایەن ناوەندە مافە مرۆییەکانەوە وەک پێشێلکردنی ڕاشکاوانەی مافی دەستڕەسی بە زانیاری و ئازادیی ڕادەربڕین دەبینرێت.