کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مێحراب عەبدوڵڵازادە: یەکەم تاوانی من کوردبوونمە؛ تا ئەو ڕۆژەی زیندووم شانازی بە کوردبوونی خۆمەوە دەکەم

17:14 - 13 بانەمەڕ 2726

کۆماری ئیسلامی کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان و داڕمانی ئابووریی وڵات دەستەوەستانە، جارێکی دیکە پەنای بۆ تیرۆری سیستماتیکی هاووڵاتییانی کورد بردووە تا لەو ڕێگەیەوە ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو کۆمەڵگادا بڵاو بکاتەوە.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای سێدارەی "مێحراب عەبدوڵڵازادە" تەمەن ٢٧ ساڵ و لە دەسبەسەرکراوانی بزوتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"ی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرد.

مێحراب لە دوایین پەیامی دەنگیی خۆیدا لە نێو زیندانەوە، پەردەی لەسەر ڕاستییەکان لادا و ڕایگەیاند کە سەرجەم تۆمەتەکان درۆ بوون و تەنیا لەژێر ئەشکەنجەی توند و دانپێدانانی زۆرەملێ ناچار بە قەبووڵکردنیان کراوە.

مێحراب لە پەیامەکەیدا ڕوو بە خەڵکی ئێران دەڵێت: "ئەمڕۆ نۆرەی منە، سبەی نۆرەی کەسێکی دیکەیە... بێدەنگ مەبن و مەهێڵن ئەم تاوانانە ببێتە شتێکی ئاسایی."

مێحراب لەو پەیامەدا، بە شانازییەوە جەختی لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆی کردەوە و ڕایگەیاند: "یەکەم تاوانی من کوردبوونمە؛ تا ئەو ڕۆژەی زیندووم شانازی بە کوردبوونی خۆمەوە دەکەم."

ئەو بە ئاماژەدان بەو هەموو چەوسانەوە و نەهامەتییانەی کە بەسەر نەتەوەی کورددا هاتووە، ڕوو لە هاونیشتمانییانی وتی: "زۆر باشتر لە ئێوە دەزانم چەندە ناخۆشیتان چەشتووە، بەڵام ئێوە هەمیشە لەبەرەی حەق بوون و هەرواش دەمێننەوە."

ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە دەزگای بەناو دادوەریی ئێران سێدارە نەک وەک سزایەکی یاسایی، بەڵکوو وەک ئامرازێکی سیاسی بۆ سەرکوتی نەتەوەیی بەکار دەهێنێت.

جێبەجێکردنی ئەم سزایە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی جیهانی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تەنیا بە دەربڕینی نیگەرانی و دەرکردنی بەیاننامەی بێکاریگەر خەریکن.

مێحراب لە پەیامەکەیدا بە توندی ڕەخنەی لەم هەڵوێستە لاوازانە گرتبوو و پرسیارێکی جیددیی ئاراستەی کۆمەڵگەی جیهانی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردبوو کە "تا کەی تەنیا بە ستۆرییەکی سادە لە تەنیشت ئەم کارەساتانە تێدەپەڕن؟".

کۆماری ئیسلامی بە لەسێدارەدانی ئەم گەنجە کوردە، جارێکی دیکە نیشانی دا کە هیچ باوەڕێکی بە پرەنسیپە مرۆیی و یاسایییەکان نییە و سێدارە وەک تاکە چەک بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ئازادیخوازی لە کوردستان بەکار دەهێنێت.