کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خنکان لە نێو ئاودا گیانی دوو هاووڵاتیی کوردی ستاند

15:19 - 8 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: لە شارستانەکانی ئورمیە و بیجار دوو هاووڵاتیی کورد لەنێو ئاودا خنکان و گیانیان لە دەست دا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٦ی بانەمەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، لاوێکی کورد بەناوی \'\'رەحیم پیرۆیی\'\' کوڕی عەزیز خەڵکی گوندی \'\'هالۆلان\'\'ی ناوچەی تەرگەوەڕی ئورمیە، کە بە مەبەستی بەدەستهێنانی بژیویی ژیان رووی لە سنووری تورکیە کردبوو، لە کاتی پەڕینەوە لە رووباری \'\'جێرم\'\' بەهۆی زۆربوونی ئاوەکە بەربۆوە و گیانی لە دەست دا.
پاش ئاگاداربوونەوەی بنەماڵەکەی لەلایەن هاوڕێیانییەوە، گەڕان و پشکنین لە نێو چۆمەکەدا دەستی پێ کردووە و پاش گەڕانیکی زۆر تەرمەکەی لە گوندی \'\'بەرەسۆر\'\'ی تەرگەوەڕی ئورمیە دۆزرایەوە.
رەحیم پیرۆیی تەمەن ٣٤ ساڵ و خێزاندار بووە.
ساڵانە بەهۆی نەبوونی داهات و کار و پیشە بۆ هاووڵاتییان، ژمارەیەکی زۆر بە مەبەستی دابینکردنی بژیویی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان، روو لە ناوچە سنوورییەکان دەکەن و گیان لە دەست دەدەن.
لەلایەکی دیکەشەوە لاوێکی دیکەی کورد لە شارستانی بیجار بەناوی \'\'عەلی‌رەزا موبارەک ئابادی بیجار\'\' تەمەن ١٧ ساڵ، لە رۆخانەی قزڵ ئۆزۆن هەڵکەوتوو لە ١٥ کیلۆمیتریی شاری بیجار، تووشی خنکان بوو و لە ئەنجامدا گیانی لە دەست دا.
ناوبراو کە قوتابیی پۆلی دووهەمی دواناوەندی بووە لە کاتی مەلەکردن خنکاوە و گیانی لە دەست داوە.
لە ساڵەکانی ٩١ و ٩٢ی هەتاوی، بەهۆی خنکان لە نێو ئاودا ٤١ کەس لە پارێزگای سنه گیانیان لە دەست داوە.