کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەپیر ڕاسانی ڕۆژهەڵاتەوە دێن

16:57 - 29 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆی مەهاباد بە بۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، سروودێکان پێشکەش بە ڕاسانی ڕۆژهەڵات کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆی مەهاباد بۆ پشتیوانی لە ڕاسانی ڕۆژهەڵات سروودێکیان ئامادە و پێشکەش بە خەبانی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کردووە و بەم کردەوە فەرهەنگییە دەنگی مافخوازیی خۆیان خستۆتە پاڵ هێزی پێشمەرگە و پشتیوانی لە خەباتی شار و شاخ دەکەن.

ڕاسانی ڕۆژهەڵات وەکوو چاوەڕوان دەکرا، بەهەموو ڕەهەندەکانیەوە، سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستانی ڕۆژهەڵاتی تەنیوەتەوە و هەر کەس لە هەر پێگەیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و هونەریدا بێت، خۆی بە بەشێک لە ڕاسان و ڕاسان بە بەشێک لە مان و مەوجوودیەتی خۆی دەزانێت.

پەیوەندی بەردەوام و ڕۆژانەی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە حیزبی دێموکردتی کوردستانی ئێران و دەربڕینی هەست و سۆز و ئامادەییان بۆ هەر ئەرکێک کە لە پێناو سەرکەوتنی ڕاساندا پێیان بسپێردرێت، دەرخەری سەرکەوتنی ڕاسان و کاریگەر بوونیەتی لە قووڵایی خاکی نیشتماندا.
دەقی شێعرەکە بۆ ماڵپەڕی کوردستان میدیا نێردراوە:

ـ ڕاساوی شاخم بریندارە شار
ڕووناکی ڕۆژم بۆ شەوگاری تار

ـ ئاڵای ڕاسانم ڕەنگی نیشتمان
شەهیدی خاکم بژی کوردستان

ـ چیدی ناوەستم لە ڕێگەی خەبات
خوێنم ڕشتووە تا بگەم بە ئاوات

ـ ئەستێرەی ئاسۆ ڕێگەی گرتەبەر
کوێستانی کوردی هەڵۆی کەوتە سەر

ـ ناوەستم ئیتر لە ڕێگای خەبات
گیانم داناوە بۆ دیاری و خەڵات

ـ دەستێنم ماڤم لە دوژمنی پەست
ئەی ڕۆڵەی ئازا دەستم بخە دەست

ـ هەوری ڕەش لادە لە ئاسمانی کورد
بیری ئازادی بۆ گەل بکە پرد

ـ فرمێسکی دایکان چیدی با نەڕژێ
چووکڵی سێ دارە لە بن ڕا بڕزێ

ـ ڕاساوی شاخم بریندار شار
تیشکی هەتاوم بۆ ڕۆژگاری تار

ـ ڕابردووی گەلمان پڕ لە شانازی
دوکتوری زانا و پێشەوا قازی

ـ نرخی ئازادی دەدەم بە گیانم
ئازادی دێنم ڕۆڵەی ڕاسانم

شێعر: س، ر
خوێندن: ن، م

مەهاباد بۆ ڕاسان

پێشکەش بە ڕۆژی پێشمەرگە