کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندکارانی زانینگەی پەیام نووری ماکۆ: کوژرانی شەیدا حاتەمی مەحکووم دەکەین

15:48 - 16 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانینگەی پەیام نووری ماکۆ لە راگەیەنراوێکدا کوژرانی شەیدا حاتەمی خوێندکاری زانینگەی نازلووی ئورمیەیان مەحکووم کرد.
دەقی راگەیەنراوەکە کە نوسخەیەکی بە \'\'کوردستان میدیا\'\' گەیشتووە، بەم چەشنەیە:


خەڵکی ئازادیخوازی ئێران!
گەلی چەوساوەی کوردستان!
خوێندکارانی خەباتکار و ئازادیخواز!
هەر وەک ئاگادارن رێکەوتی ١٠ی رەشەمە، خوێندکارێکی کورد بەناوی \'\'شەیدا حاتەمی\'\' خوێندکاری کارناسیی باڵا، خەڵکی گوندی \'\'نوی\'\'ی سەربە ناوچەی مەرگەوەڕی ئورمیە بە شێوەیەکی گوماناوی کوژرا.
لەم پێوەندییەدا ناوەندەکانی سەربە حکوومەت، پۆلیسی جینایی و بەتایبەت عابید فەتاحی نوێنەری کورد زمانی شاری ئورمیە لە مەجلیس، بە هێنانەوەی هەندێ پاساوی نالۆژیکی و بێ بنەما، پێش راگەیاندنی ئەنجامەکانی پزیشکی یاسایی، هەوڵی پەردەپۆش کردنی ئەو تاوانەیان دەدا.
ئەگەر شیمانە ئەوە بێت کە شەیدا نەکوژراوە، چ پێویست دەکا دەست لەجێ نوێنەری ئورمیە لە ماڵپەڕێکی دژە کورد بیروڕای خۆی دەرببڕێت و وتووێژ بکات؟ بۆ فەتاحی لەسەر خۆکوژییەکانی دیکە کەلە پارێزگای ئورمیەدا دێتە ئاراوە و بەداخەوە زۆریشن، هەتا ئێستا هیچ لێدوانێکی نەداوە؟!!
ئێمە خوێندکارانی کوردی زانینگەی ماکۆ بە لەبەر چاوگرتنی دۆسیەکە و هەروەها بەپێی وتەی کەس و کار و بنەماڵەی شەیدا، بەو دەرنجامە گەیشتووین کە شەیدا حاتەمی لەلایەن کەس، یان کەسانێکی سەربە رێژیمی ئێرانەوە کوژراوە و هەر بۆیە بەرپرسانی حکوومەتی لە پێڕاگەیشتن بەم دۆسیەیە خۆ دەبوێرن.
بەگوێرەی دەربڕینەکانی پۆلیسی جینایی، شەیدا حاتەمی کوژراوە و هەروەها بەپێی وتەی بنەماڵەکەی، ناوبراو کۆمەڵێک زێڕ و زیوی خۆی پێ بووە و هەنووکە ئەو زێڕانە دیاریان نییە!!؟ هەروەها بەگوێرەی وتەی برا و خوشکەکەی، شەیدا قامکێکی شکاوە و سەریشی بریندار بووە و لەسەر ملیشی ئاسەواری لێدانی پێوە دیارە.
لە وەها دۆخێکدا رایەدارانی ئەمنیەتیی ئورمیە هەوڵی بە ئەمنیەتی کردنی دۆسیەکەیان هەیە و بەو ئامانجە هەوڵی سەرکوت و بەفیڕۆ چوونی خوێنی بە ناحەق رژاوی ئەو لاوە کوردە دەدەن. بێ‌گومان ئەگەر خوێندکاران لەهەمبەر مەرگی گوماناویی مانگەکانی رابردوو خوێندکارانی کوردی لە زانینگەکانی ئێران بێ‌دەنگ نەبوایەتن، لەوانەیە ئیتر گوێ بیستی دووبارەبوونەوەی ئەم رووداوانە نەدەبووین.
ئێمە خوێندکارانی کوردی زانینگەی پەیام نووری ماکۆ، وێرای پاڵپشتی لە خوێندکارانی زانینگەی ئورمیە و بنەماڵەی شەیدا حاتەمی، داوا لە هەموو خەڵکی کوردستانی و بەتایبەت خوێندکارانی مافخوازی کورد دەکەین کە هەتا روونبوونەوەی تەواو و دروستی دۆسیەی شەیدا حاتەمی، پاڵپشتی لە بنەماڵەکەی بکەن و بە رێپێوان و مانگرتن، لەسەر روونبوونەوەی دۆسیەکە و سزادانی بکوژان، شێلگیر و پێداگر بن.
کوژرانی شەیدا حاتەمی خوێندکاری کورد لە زانینگەی نازلووی ئورمیە، دەسپێکردنەوەی دووبارەی پێشێلکردنی مافی هاووڵاتییان و خەڵکی کوردە و بە سەرنجدان بە هەڵوێستی بەرپرسان لەسەر ئەم دۆسیە، ناڕەزایەتیی خۆمان دەردەبڕین و داوا لە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ دەکەین لە بەرگری لە خوێنی شەیدا حاتەمی بکەن.

کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانینگەی پەیام نووری ماکۆ
١١/١٢/١٣٩٢