کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانیشتوانی شاری زابۆل هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ڕێژیمیان بایکۆت کرد

14:39 - 9 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: سەرەڕای بانگەشەی پاڵێوراوانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران بۆ هەڵبژاردنەکان لە زابۆل، خەڵکی ئەو شارە لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان دەنگیان نەداوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، پاڵێوراوانی مەجلیسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری زابۆل، بۆ ڕاکێشانی خەڵکی ئەو شارە بۆ سەر سندووقەکانی بە ناو دەنگدان بە دانی برنج، جەمە خواردن، کڕینی ناسنامە و شانۆگەریی دیکە، لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە سەرنجی خەڵک بۆ دەنگ‏دان ڕابکێشن، بەڵام دانیشتوانی ئەو شارە بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کرد.

یەکێک لە پاڵێوارانی مەجلیسی دەهەمی ڕێژیم، چەند ڕۆژ پێش هەڵبژاردنەکان بە تێچوویەکی زۆر، هەوڵی دابوو خەڵک بكێشێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بۆ ئەم کارەش لە شارەکانی وەک هیرمەند، هاموون و نیمرووز فەردە برنجی ١٠ کیلۆیی لە ناو خەڵكدا بڵاو کردبووەوە.

پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە بواری کەمیی خزمەتگوزاری، بێكاری، گیرۆدەبوون بە مادەهۆشبەرەكان، گەشە نەكردن، بێ‏ئیمکاناتی و کیشەگەلی دیکە لە ئێراندا پلەی یەکەمی هەیە و بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە هیچ ئاوڕێک لەو کێشانە نادەنەوە.

ئەو پارێزگایە دەکەوێتە باشووری خۆرئاوای ئێرانەوە و بە درێژایی هەزار و ٣٠٠ کیلۆمیتر سنووری لەگەڵ ئەفغانستان و پاکستان هەیە.

هەروەها بە پێی دوایین ئاماری ڕێژیمی ئێران، دوو میلیۆن و ٣٥٠ هەزار کەس لەم پارێزگایە نیشتەجێن کە ٦٤٠ هەزار کەسیان نەخوێندەوارن.