کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داگیركردنه‌وه‌

22:28 - 15 خەرمانان 2720

كه‌ریم په‌رویزی

له‌ گۆڕانكارییه‌ كه‌شوهه‌واییه‌كاندا، هه‌ندێك له‌ شوێنه‌كان چیدی بۆ ژیان نابن یان ژیانكردن تێییاندا زۆر دژوار ده‌بێ. به‌و پێیه‌ مرۆڤه‌كان ده‌كه‌ونه‌ كۆچكردن و گواستنه‌وه‌ی شوێنی ژیانیان. به‌ درێژایی مێژوو، مرۆڤه‌كان و كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی له‌ گواستنه‌وه‌ی شوێن و كۆچكردندا بوون و زۆرجار ئه‌م كۆچه‌ به‌كۆمه‌ڵانه‌ شه‌ڕ و كوشتاری به‌دوادا بووه‌، له‌ نێوان خه‌ڵكی كۆچه‌ری و خاوه‌نه‌ ڕاسته‌قینه‌كانی خاكی كۆچ بۆكراودا!

كۆچڕه‌وی كاتێك له‌گه‌ڵ دیارده‌یه‌ك به‌ناوی كۆلۆنیاڵیزم تێكه‌ڵ ده‌بێ، هه‌م خوێنڕێژیی زۆرتر و دڕنده‌یی زۆرتری لێده‌كه‌وێته‌وه‌ و هه‌م سڕینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كان له‌سه‌ر نیشتمانیانی به‌دوادا دێ.

له‌م ڕۆژانه‌دا به‌رپرسی ده‌زگای دارستانه‌كانی ئێران ڕایگه‌یاند كه‌ زیاتر له‌ سی میلیۆن هێكتار له‌ زه‌ویی ئێران ده‌بن به‌ ناوچه‌ی بیابانی و وشك. له‌ شوێنێك وه‌كوو ئێرانیش كه‌ ناوچه‌كانی وه‌كوو كه‌ویری لێیه‌، ئه‌و بوون به‌ بیابانه‌ وای لێ ده‌كا كه‌ هیچ ده‌ره‌تانێكی ژیانی تێدا نامێنێ و هه‌ر له‌ چه‌ند ساڵ له‌مەو‌به‌ره‌وه‌ شوێنه‌ ناوه‌ندییه‌كانی ئێران ورده‌ ورده‌ خه‌ریكی گواستنه‌وه‌ی شوێنی ژیانیانن.

وشكبوون و به‌بیابان بوونی ناوچه‌ ناوه‌ندییه‌كانی ئێران و سووتانی ده‌شته‌كانی، خه‌ڵك به‌ره‌و‌ ناوچه‌ شاخاوی و هه‌ندێك فێنكتره‌كان هان ده‌دا. له‌ولاشه‌وه‌ ڕێژیمی كۆلۆنیاڵیستیی ئێران، ناوچه‌كانی وه‌كوو كوردستانی له‌ سیاسه‌تی ستراتژیكیدا به‌ ناوچه‌ی سووری مه‌ترسیدار دیاری كردووه‌ كه‌ ده‌بێ به‌ گۆڕینی حه‌شیمه‌ت، له‌ مه‌ترسییه‌كانی كه‌م بكاته‌وه‌.

له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به‌ هه‌زاران كارمه‌ندی ئیداره‌ جۆربه‌جۆره‌كان و پاسداران و ده‌زگای ئه‌منیه‌تیی و ... له‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كانی ناوه‌ندی جوغرافیای ئێران كه‌ به‌ز‌ۆرینه‌ فارسن ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ كوردستان و له‌ شاره‌كانی كوردستاندا كه‌ تا چه‌ند ساڵ له‌مه‌وپێش به‌ تاكوترووك كه‌سێكی نه‌ته‌وه‌ی فارست ده‌بینی، ئێستا به‌ هه‌زاران كه‌سی قه‌ومی فارسیان تێدا نیشته‌جێ كراوه‌. ئه‌مه‌ هه‌مان سیاسه‌ته‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌می قاجار و دواتر ڕه‌زاخانی میرپه‌نجدا به‌ دژی شاری كرماشان له‌ كوردستان كردیان و خه‌ڵكی زۆری فارسیان تێدا نیشته‌جێ كردن.

كوردستان له‌م ساڵانه‌ی دوایی و له‌ ساڵانی به‌رده‌میشدا به‌ره‌وڕووی سیاسه‌تی داگیركردنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ بۆته‌وه‌ و ده‌بێته‌وه‌ و ده‌یانهه‌وێ نه‌ك پێكهاته‌ی حه‌شیمه‌تیی كوردستان بگۆڕن، به‌ڵكوو به‌م شێوه‌ زمانی ئاخاوتنی خه‌ڵكیش بگۆڕدرێ و ئیدی كوردی ئاخافتن ببێ به‌ به‌شێك له‌ مێژوو.