میدیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لەوانە کاناڵی ۳ی تلویزیۆنی دەوڵەتی و هەواڵدەریی تەسنیم، لە بەردەوامیی زنجیرە هەڕەشەکانیاندا بۆ سەر دۆناڵد ترامپ و بنەماڵەکەی، ڤیدیۆیەکی نوێیان بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا ئیدیعای بەدواداچوون بۆ شوێنی نیشتەجێبوون و ڕێڕەوی هاتوچۆی "بارۆن ترامپ"، کوڕە ۲۰ ساڵانەکەی ترامپ دەکەن.
میدیاکانی ڕێژیم وەک قیساسی خوێنی عەلی خامنەیی و بنەماڵەکەی کە لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کوژران، پاداشتێکی ۱۰ میلیۆن دۆلارییان بۆ زانیاری یان کوشتنی کوڕە بچووکەکەی سەرۆککۆماری ئەمریکا دیاری کردووە.
ڤیدیۆکە بە سەردێڕی "بارۆن ترامپ لەکوێ و چۆن بکۆژرێت؟" بڵاو کراوەتەوە و ئیدیعا دەکات لە ڕێگەی "نفووزی هەواڵگریی بێوێنە" و کچێکەوە کە گەیشتووەتە دیداری تایبەتی بارۆن، زانیاری لەسەر ئۆتۆمبێلەکانی پاسەوانی، زانکۆی شوێنی خوێندن و پەیوەندییە تایبەتەکانی وەرگیراوە.
ئەم هەڕەشانە بەشێکن لە هەڵمەتێکی فراوانتر لە دوای دەستپێکی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.
پێشتریش میدیاکانی سپا ڤیدیۆیەکی هاوشێوەیان لەسەر شوێنەکانی هاتوچۆی مێلانیا ترامپ و هەواڵی هەوڵدان بۆ تێرۆری ئیڤانکا ترامپ بڵاو کردبووەوە.
لە بەرانبەردا، دۆناڵد ترامپ پێشتر هۆشداریی توندی دابوو کە هەر جۆرە هەوڵێک بۆ ئامانجگرتنی، کاردانەوەی کاولکەری لێ دەکەوێتەوە و وڵاتی ئێران بە تەواوی لەسەر زەوی دەسڕێتەوە.