کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەی ئەرتەشی یەمەن: گرتنەوەی سەنعا بۆ پێشگرتن بە هێرشی حوسییەکان پێویستییەکی بنەڕەتییە

10:51 - 2 خەرمانان 2726

تارق ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی و فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتی یاسایی یەمەن، ڕایگەیاند کە دابینکردنی ئاسایشی دەریای سوور و گەرووی بابو‌لمەندەب، لە گرەوی ئازادکردنی کەناراوی حودەیدە و سەنعای پایتەختی ئەم وڵاتە لە دەستی حوسییەکانی سەر ڕێژیمی ئێراندایە.

ناوبراو لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند کە شەڕی ڕاستەقینە دژی حوسییەکان هێشتا دەستی پێنەکردووە.

ناوبراو ڕایگەیاند کە یەمەن لە هێڵی پێشەوەی بەرگریی بەرانبەر پیلانەکانی ڕێژیمی ئێران لە دەریای سوور و نیمچە دوورگەی عەرەبستاندایە.

لە هەمان کاتدا، سپاسالار سەمیر سەبری، جێگری وەزیری بەرگریی یەمەن، ڕایگەیاند کە هێزە چەکدارەکان بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی هێرشبەرانەی بەربڵاو دژی ئەو گرووپە تێرۆریستییە بەتەواوی ئامادەن و چاوەڕێی دەرکردنی فەرمان لەلایەن سەرکردایەتیی سیاسییەوەن.

ناوبراو وتیشی کە دەوڵەتی یەمەن هەموو ئامادەکارییە لۆجستیکی و پێویستەکانی بۆ ئەنجامدانی شەڕێکی یەکلاکەرەوە دژی حوسییەکان تەواو کردووە.

جێگری وەزیری بەرگریی یەمەن لە لێدوانەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە «ئەمە دەوڵەتی یاساییە کە کات و شوێنی شەڕ دیاری دەکات».

قه‌یرانی یه‌مەن له‌ ساڵی ٢٠١٤ کاتێک حوسییه‌کان بە پشتیوانی و فیتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی شاری سه‌نعا پایتەختی یەمەن و چه‌ند ناوچه‌یه‌کی تری ئه‌و وڵاتەیان‌ داگیر کرد، ده‌ستی پێکرد و لەو کاتەوە هەتا ئێستا ئەو گرووپە لە کردەوەی تێرۆریستی و بەئامانجگرتنی خەڵکی ئاسایی یەمەن، ئیسرائیل و عەرەبستان بەردەوامە و لەلایەن دەیان وڵاتی جیهانی وەک ڕێکخراوەیەکی تێرۆریستی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.