لە درێژەی مانگرتن و ناڕەزایەتی بە ڕەچاونەکردنی مافی چین و توێژە جیاوازەکانی ئێران لەلایەن ئیدارە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمەوە، پەرستاران لە نوێترین هەڵوێستدا، لە سەرانسەری ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەربڵاویان بەڕێوە بردووە و لەسەر بەدەستهێنانی مافەکانیان پێداگرن.
بەپێی ڕاپۆرتی شۆرای هاواهەنگیی ناڕەزایەتیی پەرستان، پەرستارانی شیرکەتی "ئاوا سڵامەت" سەر بە زانکۆی پزیشکیی ئەهواز، لە مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕینیان لەژێر ناوی"ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەکۆمەڵ، تەنیا ڕێگەچارەمانە" و "یەکگرتوویی و ناڕەزایەتی، ڕەمزی سەرکەوتنمانە" بەردەوامن.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو شۆرایە، ئەو پەرستارانە لە مانگی پووشپەڕەوە مانگانەیان پێ نەدراوە.
هەروەها پەرستارانی نەخۆشخانەی "فەیازبەخش"ی تاران بۆ چەندەمین جار کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەربڵاویان بەڕێوە برد.
لەو کۆبوونەوەدا دروشمگەلی وەک "نابێت چیتر بێدەنگ بین"، "نابێت بەنیسبەت ڕەنج و مەینەتیی هاوکار و مافەکانمان بێدەنگ بین"یان هەڵگرتووە.
هاوکات لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، پێرسێنێلی چەندین نەخۆشخانەی گەورەی تاران لەبەردەم بینای وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە ڕەچاونەکردنی ماف و داخوازییەکانیان کۆ بوونەتەوە.
هەروەها زیاتر لە ۴۰۰ کارمەندی گرێبەست لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی چابەهار سەبارەت بە دواکەوتنی مانگانە و پشتگوێخرانی مافەکانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.
لەو پێوەدندییەدا، کۆمەڵێک لە کارمەندانی تەندروستی لە ناڕەزایەتیدەربڕین بە بارودۆخی بژێوی ژیانیان، پێنەدانی مانگانەی دواکەوتوویان و کەمیی حەقدەست، لەبەردەم بینای پارێزگاری هەمەداندا کۆ بوونەوە.
پەرستارانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی نەیشابووریش بۆ جاری دووهەم لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی پیشەییان بەڕێوە برد.
حەقدەستی نادادپەروەرانە و کەم، هەروەها کاری زۆر و پێندەدانی زێدەکاری لەو کێشانەن کە تووڕەیی و ناڕەزایەتیی پەرستارانی بەدواوە بووە.
هەروەها هێزە گرێبەستییەکانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکان لە ئێرانشاریش لەسەر پێنەدانی مانگانەی دواکەوتووی مانگەکانی ٤ و ٥ و هەروەها پێنەدانی مافی جلوبەرگی پیشەییان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
ئەم دواکەوتنە چەند مانگییەی حەقدەستی پەرستاران و پێرسێنێلی نەخۆشخانەکان، لە بارودۆخێکدایە کە تێچووی ژیان بەرز بووەتەوە و هەڵاوسان تەنگی بە خەڵکی ئێران هەڵچنیوە، کێشەی جیددیی بۆ سەر بژێویی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان دروست کردووە.