کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوازدەهەمین فێستیڤاڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات بەڕێوەچوو

20:54 - 22 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: وەک نەریتی هەموو ساڵێک، ئەمساڵیش بۆ پێشوازی لە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، فێستیڤاڵی پێشمەرگەی کوردستان بەڕێوەچوو.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٥ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە شاخەکانی کوردستان لە نێوان سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باشوور، ١٢هەمین فێستیڤاڵی پێشمەرگە لە ژێر دروشمی راسان ئیرادەی هەرمانە، لە فەزایەکی تەژی لە هاوکاریدا بەڕێوە چوو.

فێستیڤاڵەکە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدانی کورد و کوردستان، بە تایبەت شەهیدانی ڕاسان دەستیپێکرد.

فێستیڤاڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ماوەی ١٢ ساڵە لە نێو ئۆرگان و کۆمیسیۆنەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە دەچێت؛ جیاوازیی فێستیڤاڵی ئەمجارە لەوەدا بوو کە؛ ئەم فێستیڤاڵە بە بەشداریی بەشێک لە کادر و پێشمەرگەکانی هێزی تایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو.

لە دەسپێکدا و بۆ کردنەوەی فێستیڤاڵەکە، هاوڕێ شۆڕش ئیبراهیمی کادری هێزی تایبەت، باسێکی کورتی لە سەر مێژووی ٢٦ی سەرماوەز و مێژووی فێستیڤاڵی پێشمەرگە پێشکەش بە بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە کرد.

پاشان هاوڕێ ڕەفیق میری کادری سیاسیی هێزی تایبەت باسێکی کورتی لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی کێبڕکێکە و بڕگەکانی پێشکەش بە بەشداربووان کرد و ئاماژەی بە گرینگیی هەستی هاوکاری و ڕۆحیەی وەرزشی لە شۆڕشدا کرد.

ئەم فێستیڤاڵە پێکهاتبوو لە ٣ بەشی سەرەکی کە بریتین لە: بەشی سیاسیی، بەشی نیزامی و بەشی وەرزشی.

لە بەشی سیاسیدا بەشداربووان لەبوارەکانی مێژووی حیزبی دێموکرات و بەرنامە و ئەساسنەمەی حیزب کەوتنە کێبڕکێوە.

لە بەشی نیزامیدا تاقیکاری بۆ تیرهاوێیژی، جەولەی نیزامی، شاخەوانی و کردنەوە و بەستنەوەی چەکی کڵاشینکۆف ئەنجام درا.

لە بەشی وەرزشیشدا پێشمەرگەکانی بەشدار بە شێوەی تیمی لە بوارەکانی والیباڵ و فووتباڵ کێبڕکێیان کرد و بە شێوەی تاکەکەسیش لە یاریی شەترەنجدا کێبڕکێیان ئەنجام دا.

ئەم فێستیڤاڵە ماوەی ٧ ڕۆژی خایاند و پاش دەرکەوتنی ئاکامەکان، ئەو کەسانەی کە لە هەرکام لە بوارەکاندا پلەی یەکەم تا سێهەمیان وەدەستهێنابوو لەلایەن کۆمیسیۆنی سیاسی – نیزامیی حیزبەوە خەڵات کران.

ناوی سەرکەوتووان لە هەر کام لە بەشەکاندا بریتی بوو لە:
بەشی مێژوو: پلەی یەکەم؛ عۆمەر فەخرەدین‌فەر، پلەی دووهەم؛ سیروان ئەحمەدی
بەشی بەرنامە و ئەساسنامە : پلەی یەکەم؛ عۆمەر فەخرەدین‌فەر، پلەی دووهەم، حیسام سۆلەیمانی
بەشی تیرهاوێژی: پلەی یەکەم؛ دیاکۆ ئاغاز
بەشی شاخەوانی کوڕان : بەهمەن قاسمی
بەشی شاخەوانیی کچان: شادی ڕەهگوو
بەشی یاریی شەترەنج: بەهمەن قاسمی
بەشی یاریی والیباڵ: تیمی پێشمەرگە
بەشی ڕیزگۆڵ : تیمی قەندیل
بەشی کردنەوە و بەستنەوەی چەک: سەرکەوت دەروێشی

هەروەها هاوڕێ شەریف یاکن پێشمەرگە و بەشداربووی فێستیڤاڵ وەک یاریزانی بەئەخلاق دیاریکرا.