کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو حاڵەتی دیکەی ئاگر کەوتنەوە لە کرماشان و ئیلام رووی دا

22:05 - 16 خەرمانان 2713

کوردستان میدیا: بەهۆی ئاگر کەوتنەوە لە دوو شوێنی جیاجیا لە ناوچەکانی ئیلام و کرماشان، رێژەیەکی زۆری خەساری ژینگەیی وەبەر شاخەکانی کوردستان کەوت.

بەپێی هەواڵی مەڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ١٥ی خەرمانانی ١٣٩٢ی هەتاوی، چیای ناسراو بە \'\'کەلو چنارەی\'\' سەربە شاری نۆدشە لە پارێزگای کرماشان ئاگری تێبەردرا و زیانێکی زۆر وەبەر ژینگەی ئەو ناوچەیە کەوت.

هاووڵاتییەکی چالاکی بواری ژینگەپارێزی بە ماڵپەڕی \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: \'\'ئەو ئاگرە لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە لە کەلی چنارە بەردراوە کە بە هەوڵ و تێکۆشانی ژمارەیەک لاوی ژینگەبارێزی شاری نۆدشە کۆنترۆڵ کرا\'\'.

لەلایەکی دیکەوەشەوە لە شاری ئابدانان لە پارێزگای ئیلام، زیانێکی زۆر لە دارستان و لەوەڕگەکانی \'\'دینار کووهـ\'\' کەوتووە و کە بە وتەی شایەتحاڵان نزیکەی ٢ دۆنم زەوی لەو ناوچەیەدا ئاگری تێبەر دراوە.

لەو ئاگر کەوتنەوەیەدا نزیک بە ٢٠٠ بن دار لە جۆرەکانی دار قەزوان و گەون بە تەواوەتی سووتاون.

پێشتریش لە رێکەوتی ١١ی خەرمانان، ئاگر لە دارستان و لێڕەوارەکانی \'\'هەرمۆڵە\'\' لە گوندی پایگەلان سەربە شارستانی سەوڵاوا بەردرا کە بەو هۆیەوە دەست و پێوەندییەکی رێژیم لە نێو ئاگردا سووتا و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست دا.

ناوچەکانی دوو شارستانی سەوڵاوا و مەریوان لە پارێزگای کوردستان زیاترین حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەیان بەر کەوتووە کە بە دەسپێکی وەرزی گەرما لەم ساڵی هەتاویدا هەتا ئێستا گەیشتووەتە ١٨٠ حاڵەت.