کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرکردنی حوکمی دەستبەسەری دوو چالاکی کرێکاریی کورد

15:45 - 16 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: دادیاری دادگای ئینقلابی سنە، حوکمی دەستبەسەریی بۆ دوو کرێکاریی کوردی دەرکرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٤ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، دادیاری دادگای ئینقلابی سنە، حوکمی ١٥ رۆژ دەستبەسەرکردنی بۆ مەحموود ساڵحی و عوسمان ئیسماعیلی دوو چالاکی کرێکاریی کوردی دەرکرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی مەحموود ساڵحی و عوسمان ئیسماعیلی، پاش سەردانی لقی ٥ی دادگای ئینقلابی سنە و چاوپێکەوتن لەگەڵ قازیی ئەم لقە، لە حوکمی دەستبەسەرکرانی ئەم دوو چالاکە کرێکارییە بە تۆمەتی رێکخستنی دامەزراوە کرێکارییەکان ئاگادار کراونەتەوە.

رێکەوتی ٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ، مەئمورانی ئەمنییەتیی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هێرش کردنەسەر مالێ مەحموود ساڵحی، ئەو چالاکە کرێکارییە کوردەیان دەستبەسەر کردبوو.

مەئمورانی ئەمنییەتی رێژیم لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەم چالاکە کرێکارییە کوردەدا، کامپیۆتێر و کەرستەی شەخسیی ناوبراویان لەگەڵ خۆیاندا بردووە.

دوای دەستبەسەرکرانی مەحموود ساڵحی چالاکی کریکاریی کورد لە سەقز، عوسمان ئیسماعیلی چالاکێکی کرێکاریی کوردی خەڵکی مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

دەستبەسەرکردنی چالاکانی کرێکاری لە کوردستان و ئێران، دژکردەوەی بەرپرسی کۆنفدراسیۆنی نیودەوڵەتیی یەکیەتییە کرێکارییەکان و سەرۆکی فێدراسیۆنی نێودەوڵەتیی کرێکارانی گواستنەوەی لێکەوتووەتەوە.

شارون بارو و ئیستفان کاتێن، لە نامەیەکدا بۆ رێبەری رێژیمی ئیسلامیی ئێران، دەستبەسەرکردنی چالاکانی کرێکاریی، ئەزیەت و ئازاری کرێکارانی سەبارەت بە پێشگرتن لە چالاکییە یاسایی‌یەکان و مافی سینفی شەرم‌ئاوەر، لە قەڵەم داوە.