کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ڕێژیم لە یەمەن لە لایەن سەرکۆماری ئەو وڵاتەوە مەحکووم کرا

15:31 - 28 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: سەرکۆماری یەمەن ڕایگەیاند کە ڕووداوەکانی یەمەن شەڕێکی فرقەیی نییە و شەڕێکی سیاسییە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، عەبد ڕەببە مەنسوور هادی، سەرکۆماری یەمەن لە لێدوانێک‌دا، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی لە ئانکارا، لە دوای دیدار لەگەل ئەردۆغان‏، سەربارەت بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی یەمەن و شەڕ دژی تیرۆریزم قسەی کرد و هەروەها گوتی ڕووداوەکانی یەمەن شەڕێکی فرقەیی نییە و شەڕێکی سیاسییە.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە حوسییەکان لە ئێران ڕاهێنایان پێ‏کراوە و لەو وڵاتەدا شەڕ دەکەن.

مەنسوور هادی هەروەها گوتی کە؛ ئێمە لە هاوپەیمانییەتی بە ڕێبەرایەتی عەرەبستان پشتیوانی دەکەین.

سەرکۆماری یەمەن لە درێژەدا گوتی کە؛ ئێمە ژمارەیەک لە ئەندامانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان‌مان دەستبەسەر کردووە و ئەو کەسانە لە یەمەن ویستوویانە کە کردەوەی تیرۆریستی لەو وڵاتە ئەنجام بدەن.

ڕێژیمی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتی یەمەن و پشتیوانیی دارایی لە شیعە حوسییەکان، لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە ئاسایش و ئەمنییەتی ئەو وڵاتە بە قازانجی خۆی تێک بدات.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، عەبد ڕەببە مەنسوور هادی سەرۆک کۆماری نوێی یەمەن کە دوای لابردنی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح دەسەڵاتی بە دەستەوە گرتووە، چەندین جار دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێرانی لەو وڵاتە، مەحکووم کردووە.

عەبد ڕەببە، گرووپی حوسییەکان وەک توندئاژۆکانی ژێر چەتری پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران ناو دەبات و لەو پەیوەندییەدا سەبارەت بەو گرووپە گوتوویەتی : حوسییەکان لە بواری ماڵی، چەک‌وچۆڵ و ڕاهێنان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت.