کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەست و پێوەندییەکانی رێژیم لەلایەن خەڵکی گوندێکی ناوچەی مەهابادەوە چەک کران

15:15 - 28 خەرمانان 2713

کوردستان میدیا: دەست و پێوەندییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کاتێکدا هەوڵی دانانی بنکەیەکی بەسیجیان لە گوندی خوڕخوڕە دەدا، لەلایەن خەڵکەوە چەک کران.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چەند رۆژ پێش ئێستا هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەمەبەستی دانانی پێگەی بەسیج رژاونەتە نێو گوندی \'\'خوڕخوڕە\'\' سەربە ناوچەی مەهاباد کە لەگەڵ بەرەنگاریی خەڵک بەرەوڕوو بوونەتەوە و خەڵکی ئەو ئاوایی‌یە ئیزنی جێگیر کردنی هێزی رێژیمیان لەو گوندەدا نەداوە.
خەڵکی گوندی \'\'خوڕخوڕە\'\' دەست و پێوەندییەکانی رێژیمیان راو ناوە و سەرەڕای ئەوەی کە چەکیان کردوون لە گوندەکەشدا بە تەواوەتی دەریان کردووەن.
پاش ئەم بەرەوڕوو بوونەوەی هێزەکانی رێژیم و خەڵک، رێژیمی بە هێزێکی زۆرترەوە چووەتە ئاوایی خوڕخوڕە و دەیهەوێ بە زەخت و گوشاری خۆی ئەو پێگە نیزامییە لەو گوندەدا دابنێت.
پێشتریش لە رێکەوتی ٢٤ی خەرمانانی ١٣٩٢ی هەتاوی، هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران رژاوبوونە نێو ئاوایی \'\'قزڵقۆپی\'\'ی سەربە شارستانی مەهاباد و داوایان لە خەڵکی ئەو گوندە کردبوو زەوییەکیان لەمەڕ دانانی بنکەی بەسیج بەبێ بەرانبەر بۆ تەرخان بکرێ، بەڵام ئەو داوایەی رێژیم لەلایەن خەڵکەوە رەت کرابووەوە و هێزەکان ناچار بوون لە مزگەوتدا بمێننەوە.

هێزەکانی رێژیم پاش بێ رێزی و بێ حورمەتییەکی زۆر به هاووڵاتییانی گوندی قزڵقۆپی، بە زۆرەمڵێ مزگەوتی ئەو گوندەیان بۆ شوێنی حەوانەوەی خۆیان بەکار هێنابوو.