کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرتی رۆژی سێیەمی ٣٠ەمین کۆنگرەی یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیال دێموکرات

01:36 - 11 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: لە سێیەمین رۆژی کاری کۆنگرەی یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیال دێموکرات، خاڵی \'\'پشتیوانی لە مافی نەتەوەیی کورد\'\' لەسەر پێشنیاری شاندی یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی کوردستانی ئێران پەسند کرا.


بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا؛ لە سێیەم رۆژی کاری ٣٠ەمین کۆنگرەی لاوانی سوسیال دێموکرات چەندین راپۆرت تایبەت بە نەتەوەکانی جیهان و لەوانە نەتەوەی کورد و هەروەها راپۆرتەکانی \'\'ئابووری، ژینگە، پرسی هەژاری، دێموکراسی و سێکۆلاریزم و هەروەها راپۆرتی سیاسی تایبەت بە ناوچە جیاجیاکانی جیهان\'\' تاوتوێ و پەسند کران.
هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\' لە ساڵۆنی کۆنگرە رایگەیاند: سەرەتا راپۆرتی سیاسیی نەتەوەکان لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان پاش تاوتوێ و هەڵسەنگاندن پەسند کران و لەسەر پێشنیاری شاندی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، خاڵێک لەو راپۆرتەدا چەسپا کە ئەویش بریتی بوو لە، پاڵپشتی و پشتیوانی لە مافی نەتەوەی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان لەلایەن یەکیەتیی نیونەتەوەیی لاانی سوسیال دێموکراتەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەدا، پرسی ئەندامان‌بوونی بەشێک لە رێکخراوەکانی لاوان لە ئاستی جیهاندا تاوتوێ کرا و هەندێ لەو رێکخراوانە وەکوو ئەندام و چاودێری یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیال دێموکرات وەرگیران.
پاشان لە بڕگەی هەڵبژاردندا کچە کوردێکی ئەندامی یەکیەتیی لاوانی سوسیال دێموکراتی سوێد بەناوی \'\'ئەڤین نیجیر\'\'، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە وەکوو سکرتێری گشتیی یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیال دێموکرات هەڵبژێردرا.
ئەڤین نیجیر لە کاتی کاندیدبوون و خۆناساندندا خۆی وەکوو کوردێک لە قەڵەم داوە.
پاشان لە بڕگەیەکی دیکەی هەڵبژاردندا \'\'ئاشتی ئازەر ئەفشان\'\' نوێنەری یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە یەکیەتیی نیونەتەوەیی لاوانی سوسیال دێموکرات، وەکوو ئەندامی دەستەی چاودێریی یەکیەتیی نێوتەوەیی لاوانی سوسیال دێموکرات کەلە ٥ کەس پێک دێت، هەڵبژێردرا.
سێیەم رۆژی کاری کۆنگرە یەکیەتیی لاوانی سوسیال دێموکرات هەنووکە هەر بەردەوامە.