کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرتی ساڵانەی ئەمریکا: رێژیمی ئێران گرینگترین پشتیوانی تیرۆریزمی دەوڵەتی

23:05 - 11 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا رێژیمی ئیسلامیی ئێرانی وەکوو گرینگترین پشتیوانی تیرۆریزمی دەوڵەتی ناساند.
هەواڵدەریی رۆیتێزر لە راپۆرتێکدا ئەو هەواڵەی بڵاو کردووەتەوە و رێژیمی ئێرانی لە گرینگترین پشتیوانانی تیرۆریزمی دەوڵەتی پێناسە کردووە.
بەپێی ئەم راپۆرتە رێژیمی ئێران پاڵپشتیی گرووپە تیرۆریستییەکان دەکا و پێگەی خۆی لە ئەفریقا بەهێزتر کردووە و هەوڵی ناردنی چەکوچۆل بۆ جیایی‌خوازانی یەمەن و بەحرەین دەدات.
لە پێوەندی لەگەڵ تیرۆریزمی دەوڵەتیی رێژیمی ئێران دەتوانین ئاماژە بە تیرۆری رێبەرانی ئۆپۆزسیۆنی رێژیم و بەتایبەت تیرۆری رێبەرانی حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بکەین.
لە ساڵەکانی ١٣٦٨ و ١٣٧١ی هەتاوی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و سەعید شەرەفکەندی سکرتێرەکانی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە شارەکانی ڤییەن و برلین تیرۆر کرد.
تیرۆی دوکتور سەعید شەرەفکەندی لە ریستۆرانی میکۆنۆسی شاری بیرلین بە دەستی تیرۆریستەکان رێژیمی ئێران و مەحکووم بوونی دەسەڵاتدارانی ئەو کاتی رێژیم لە دادگای ئاڵمان دەستی ئەو رێژیمەی لە درێژەدا بە تیرۆری سەرەڕۆیانە لە وڵاتانی جیهان کورت کردەوە و دادستانی گشتیی ئاڵمان، خامنەیی رێبەری ئێران، رەفسەنجانی سەرکۆماری ئەو کاتی ئێران، عەلی ئەکبەر ویلایەتی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران و عەلی فەلاحیان وەزیری ئیتلاعاتی رێژیمی ئێرانی وەکوو فەرماندەرانی سەرەکیی ئەو تیرۆرە ناساند.