کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رووداوی کار لە ئێراندا رووی لە زیاد بوونە/ ئاماری ئەو دیاردەیە لە جیهاندا دابەزیوە

18:17 - 26 خەرمانان 2713

کوردستان میدیا: رووداوی کار لە ئێران لە ١٢ ساڵی رابردووەوە هەتا ئێستا لە هەڵکشان دایە و ئەو دیاردەیە لە ساڵی ١٣٩٠ی لە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٣٨١، سێ هێندە زیادی کردووە.
ئیدارەی گشتیی پێوەندییە گشتییەکان و کاروباری نێودەوڵەتیی رێکخراوی پزیشکی یاسایی ئێران رایگەیاندووە: لە دەیەی ٨٠ی هەتاویدا ٩ هەزار و ٦٢٥ کرێکار بەهۆی رووداوی کارەوە لەو وڵاتەدا گیانیان لەدەست داوە، کە زیاترین رێژە لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی بە یەک هەزار و ٥٠٧ کرێکار و کەمترین رێژە لە ساڵی ١٣٨١ی هەتاوی بە ٤٦١ کرێکاری کوژراوەوە رووی داوە.
ئەو رێکخراوە هەروەها راشیگەیاندووە، ٢٠ هەزار کرێکار لە ساڵی ١٣٩٠ تووشی رووداوی کار بوون.
لە کاتێکدا کە رێژەی کوژران بەهۆی رووداوی کارەوە لە ئێراندا ٢٢٧% زیادی کردووە کە رێژەی مردن و بریندار بوون بەهۆی روودای کارەوە لە ئاستی جیهاندا دابەزینی بەخۆوە بینیوە.
ئاماری مردن و برینداریی کرێکاران لە کاتی کار کردندا رێژەی راستەقینە نیشان نادات تەنیا تاوتوێی ئەوانە دەکات کە لەلایەن رێکخراوی تەئمینی ئیجتیماعییەوە بیمە کرابن.
بەگوێرەی ئاماری فەرمیی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کار، مردن و بریندار بوون بەهۆی رووداوی کارەوە رەوتی داکشانی بەخۆوە بینیوە.