کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆڵی تاران لە کیمیایی بارانی دیمەشق و پەرچەکرداری وڵاتانی زلهێز لەهەمبەر ئەو کیمیایی بارانەدا

23:12 - 4 خەرمانان 2713

کوردستان میدیا: دەست و پەنجەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن رێژیمی بەشار ئەسەدەوە لەدژی هاووڵاتییانی سووریە دیارە و ئەگەری هێرشی نیزامی بۆسەر ئەو وڵاتە بەبێ رەزامەندیی ئەنجومەنی ئاسایش لە ئارا دایە.
رۆژنامەیە \'\'وەتەن\'\'ی عەرەبستانی سعوودی بڵاوی کردووەتەوە، ئەو ماددە کیمیایی‌یەی کەلە دەوروبەری شاری دیمەشق پایتەختی وڵاتی سووریە بەکار هاتووە لە دەرەوەی ناوەندەی نیزامییەکانی ئێران دروست کراوە و بەکارهێنانی ئەو چەکەش لەلایەن رێژیمی سووریە بە هاوبەشی و هاوئاهەنگیی رێژیمی تاران بووە.
ئەو رۆژنامە ئەوەشی خستووەتە روو کە رێژیمی ئێران پرۆسە نیزامییەکانی رێژیمی سووریە لەدژی ئوپۆزسیۆن و خەڵکی ئەو وڵاتە سەرپەرستی دەکات.
لەلایەکی دیکەوە هەواڵدەریی \'\'رۆیتەرز\'\' بڵاوی کردووەتەوە، تیمی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کەبە مەبەستی تاوتوێ و لێکۆڵینەوە چووبوونە غورتە لە رۆژهەڵاتی شاری دیمەشق، تەقەیان لێ کراوە.
ئەو تیمە پێشتریش لە فرۆکەخانە دیمەشق هێرشی کرابووە سەر و لە ئەنجامدا یەکێک لە ئوتۆمبیلی ئەندامانی پشکێنەری تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان خراپ ببوو.
ئەگەری هێرشی نیزامی بۆسەر سووریە بە بێ رەزامەندیی ئەنجومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان
ویلیام هێگ وەزیری کاروباری دەرەوەی بریتانیا رایگەیاندووە: ئەگەری ئەوە لە ئارا دایە کە ئەندامانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە بە رێژیمی سووریە، بە بێ رەزامەندیی ئەنجومەنی ئاسایش هێرشی نیزامی بکاتە سەر رێژیمی بەشار ئەسەد و ئەم هەڵسوکەوتەی هاوپەیمانیی دژبەرانی ئەسەدی بە هەڵوێستێکی گونجاو لەقەڵەم داوە.
لەلایەکی دیکەشەوە \'\'ئاژانسی هەواڵدەریی ئاڵمان\'\' لە زاری سەرۆک وەزیرانی بریتانیاوە بڵاوی کردووەتەوە، پشووی هاوینەی پارلمانی ئەو وڵاتە مەبەستی بڕیار دان لەمەڕ هێرش کردن بۆسەر رێژیمی سووریە هەڵدەوەشێتەوە.
رۆژنامەی \'\'تامیز\'\'یش لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە فرماندەرانی ئەرتشی بریتانیا و ئەمریکا لەسەر هێرشی نیزامی لە رێگەی پاپۆڕ و دەریاوە بۆسەر هێزەکانی رێژیمی سووریە رێكکەوتوون.
هاوکات لۆران فابیووس وەزیری کاروباری دەرەوەی فەرانسە رایگەیاندووە: هێشتا بڕیارێکی ئەوتۆ لەسەر ئەوە نەدراوە که بە هێرشی نیزامی وەڵامی رێژیمی بەعس بدرێتەوە، بەڵام هەموو بژاردەیەک لەبەر دەست دایه.
\'\'ئەحمەد داود ئوغڵوو\'\' وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیەش رایگەیاندووە: هەنگاوەکانیان لە چوارچێوەی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان دایە، بەڵام ئەگەر نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری پێویست نەدات، ئەوە وڵاتەکەی دەچێتە نێو هەموو هاوپەیمانییەکەوە کەلە دژی رێژیمی سووریه بێت.
هاوكات لەگەڵ‌ رەزامەندیی‌ رێژیمی‌ بەشار ئەسەد بۆ لێكۆڵینەوەی‌ چاودێرە‌ نێودەوڵەتییەکان‌، هەر دوو لایەنی‌ شەڕی‌ ناوخۆی‌ سووریە، یەكتر بە بەكارهێنانی‌ چەكی‌ كیمیایی‌ لە نزیك دیمەشق تۆمەتبار دەكەن.
حەوتووی رابردوو بەهۆی کیمیایی باران کردنی ناوچەی غورتە لە رۆژهەڵاتی شاری دیمەشق، ٣٥٥ کەس بوونە قوربانی و ٣٦٠٠ کەسی دیکەش بەهۆی بەرکەوتنی ئەو مادەە کیمیایی‌یە، بریندار بوون.
هاوکات بەرەی نوسرە کە گرووپێکی توندئاژۆی ئیسلامییە، هەڕەشەی بەکار هێنانی چەکی کیمیایی لە ناوچە عەلەوی‌نیشەکانی سووریە دەکات.

ئەرتشی ئازادی سووریەش کیمیایی بارانی حەوتووی رابردووی رۆژهەڵاتی دیمەشقی خستووەتە ئەستۆی رێژیمی سووریە.

ئەمە لە کاتێک دایە کە رایەدارانی ئەرتشی هەرکام لە وڵاتانی ئەمریکا، بریتانیا، فەڕانسە، ئاڵمان، کانادا، ئیتالیا، تورکیە، عەرەبستان و قەتەر لە شاری عەممان پێتەختی وڵاتی ئوردن بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگاچارەیەک بۆ چارەسەر کردنی یەکجاریی قەیرانی سووریە لە پشت درگا داخراوەکان کۆبوونەوە.

بەپێی هەواڵەکان، سەرکردە نیزامییەکانی ئەو ١٠ وڵاتە، لەو دانیشتنەدا ئەگەری پەرچەکرداری رێژیمی ئیسلامیی ئێرانیشیان تاوتوێ کردووە.