کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی ساڵیادی کارەساتی هەڵەبجە لە شاری جوانڕۆ بەڕێوەچوو

18:18 - 23 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: بەبۆنەی ٢٦ەمین ساڵیادی کیمیابارانی شاری هەڵەبجە بە دەستی رێژیمی بەعسی رووخاو، رێوڕەسمێک لە شاری جوانرۆ سەربە پارێزگای کرماشان بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رێوڕەسمی ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٢ی رەشەمە، بە بەشداریی کەسایەتییە فەرهەنگی و ئەدەبییەکانی شارەکانی جوانڕۆ، پاوە، سەلاس باوەجانی و روانسەر لە تالاری فەرهەنگی هونەریی شاری جوانڕۆ لەلایەن ئەنجومەنە فەرهەنگی ــ ئەدەبییەکانی خانای قوبادی و مەولەوی بەڕێوەچوو.
لەم رێوڕەسمەدا شاعیرانی و نووسەرانی بەشدار بە پێشکەش کردنی بەرهەمەکانی خۆیان، کۆمەڵکوژیی کیمیابارانی شارەکانی هەڵەبجە، نودشە و سەردەشتیان شرۆڤە کرد و یاد و بیرەوەریی شەهیدانی ئەو کۆمەڵکوژییانەیان بەرز نرخاند و ژینۆسایدی نەتەوەی کوردیان لەلایەن وڵاتانەوە مەحکووم کرد.
نووسەران و شاعیرانی بەشداری رێورەسمی ساڵیادی کارەساتی هەڵەبجە لە شاری جوانڕۆ، لەو بڕوایەدا بوون: چارەنووسی وڵاتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا کە دەستیان لە ژینۆسایدی نەتەوەی کورد تێوە گلاوە، جیا لە چارەنووسی دیکتاتۆری عێراق نابێت و هەروەها فیداکاریی رۆڵەکانی نەتەوەی کوردیان لە پارێزگای کردنی پاراستنی نەتەوەکەیان بەرز نرخاند.
لەو رێوڕەسمەدا کەسانێک وەکوو محەممەد رەشید ئەمینی لە پاوە، کەیهان عەزیزی لە پاوە، فەرەیدوون رەزایی لە جوانڕۆ، داود نەزەری لە سەلاس باوەجانی، دوکتور محیەدین محەممەد زادە لە جوانڕۆ، کەژاڵ ئەمیری لە جوانڕۆ، داود غەفاری لە پاوە، فاتێح محەممەدی، حەسیم مورادی لە جوانڕۆ، دڵشاد پیاب لە پاوە، بەرهەمەکانیان کە شیعر و شرۆڤەی زانستیی کارەساتی هەڵەبجەی لە خۆگرتبوو، پێشکەش کرد.
رێوڕەسمەدا بە هونەرنەمایی گرووپی مووزیکی پاوە و جوانڕۆ بە خوێندن و نواندنی چەندین سروودی کوردی بە دەنگی ناسێح ئەحمەدی کۆتایی پێهات.

8092.jpg


8093.jpg


8090.jpg


8094.jpg