کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمێک لەلایەن ئەنجومەنی سەوزی چیاوە لە گوندی یەنگیجەی شاری مەریوان بەڕێوەچوو

14:29 - 20 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: رێوڕەسمێک بە مەبەستی وشیاکردنەوەی ئاکامەکانی راوی ئاژەڵان لە گوندی یەنگیجە سەربە شاری مەریوان، بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا؛ ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە گوندی \'\'یەنگیجە\'\' سەر بە بەخشی خاومیراوا، رێکەوتی ١٧ی رێبەندان رێوڕەسمێکیان لەژێر ناوی \'\'پاراستنی ژینە و گەشەی ئاوایی\'\' بەڕێوەبرد.
لەو رێوڕەسمەدا پاش خوێندنەوەی چەند ئایەت لە قورئان، عەبدوڵڵا ئازادیان دێهیاری گوندی یەنگیجە و ئەندامی چالاکی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، وێڕای بەخێرهاتن‌کردنی میوانان و بەشداران، لەسەر گرینگیی پاراستنی ژینگە دوا و چالاکییەکانی ٤ ساڵی رابردووی گوندی یەنگیجەی لەمەڕ پاراستنی ژینگە شی کردەوە.
پاشان گرتە ڤیدیۆیەک لە ئاگرکەوتنەوەکانی ساڵی رابردووی دارستان و لێڕەوارەکان شاری مەریوان و دەوروبەری پیشان درا و دواتر \'\'ئومید رەشیدی\'\' لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.
لە رێوڕەسمەدا کۆمەڵێک لە لاوانی گوندی \'\'یەنگیجە\'\' شانۆیەکیان سەبارەت بە راوکردن و ئاکامە خراپە ژینگەیی‌یەکانی راوکردن ئامادەکردبوو، کە بۆ بەشداران نمایشیان کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا مامۆستا \'\'محەممەد دەرەتفێ‌یی\'\' لە روانگەی ئایینی ئیسلامەوە گرینگیی پاراستنی ژینگەی بۆ بەشداران و ئامادەبوان شی کردەوە.
لە درێژەی بڕگەکانی ئەو رێوڕەسمەدا شانۆیەکی دیکە لەژێر ناوی \'\'مامۆستا و قوتابی\'\' کە لەلایەن منداڵانی ئەو گوندەوە ئامادەکرابوو، پێشکەش کرا.