کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیادبوونی نیگەرانییەکان لە دۆخی تەندروستیی سامان یاسین

11:04 - 14 پووشپەڕ 2724

ئەحمەدڕەزا حائێری زیندانیی سیاسی لە بەندیخانەی قزڵحەسار،، ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕ، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، سەبارەت بە دۆخی نالەباری سامان یاسین هونەرمەندی ڕەپێر لەم بەندیخانەیەدا هۆشداری دا.

لەو بەیاننامەیەدا ئەحمەدڕەزا حائێری دەڵێت: "سەرەڕای ناردنی وڵام لەلایەن پزیشکی دادوەرییەوە سەبارەت بەوەیکە سامان یاسین توانای مانەوە لە زیندانی نییە، سەرپەرشتیاری زیندان لە وڵامدانەوە ی بە پزیشک و بنەماڵەی ناوبراو خوی بواردووە و تەنیا وتوویەتی کە پزیشکی دادوەری دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک وڵامی خۆی بۆ ئەم داواکارییە ڕاگەیاندووە.

بە ئاماژەدان بەوەیکە دۆسییەی سامان یاسین لە ئێستادا لە دادگای باڵای ڕێژیمدایە، ئەم زیندانییە سیاسییە دەڵێت کە هێشتا لقی لێکۆڵینەوە ڕێگە نادات پارێزەری هەڵبژێردراوی خۆی بەو دۆسییە ڕابگات.

ئەحمەدڕەزا حائێری وتوویەتی، تەنانەت ڕێگەیان نەداوە سامان یاسین لە وڵامی کۆمیسیۆنی پزیشکی ئاگادار بێت و نووسیویەتی:"وەسوەسەی ئەو بەڕێزانە بۆ بێئاگاکردنی سامان و بنەماڵەکەی وەک ئەوە وایە مۆری تەواو نهێنی لە ژێر نامەی پزیشکی یاسایی سەبارەت بە دۆخی تەندروستی سامان درابێت.

حائێری بە ئاماژەدان بە مێژووی نەخۆشییەکانی سامان یاسین و ئەو گوشارانەی کە لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا تووشی بووە، داوای لە هەموو هاووڵاتییان کرد بەرامبەر بە داوای یاسایی ئەم ڕەپێرە ناڕەزایەتی دەرببڕن و ڕێگە نەدەن داخێکی دیکە بەسەر هەزاران کەسدا بسەپێندرێت".

سامان یاسین کە زیاتر لە ١٨ مانگە لە دەسبەسەریی کاتیدایە، ڕێکەوتی ٢ی بانەمەڕی ئەمساڵ بە بڕیاری دادگای ئینقلابی تاران، بە پێنج ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ یەکێک لە شارەکانی پارێزگای کرمان مەحکووم کرا.

سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، خەڵکی شاری کرماشان و دانیشتووی تاران، مانگی ڕەزبەری ١٤٠١ بەهۆی پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە جەمارییەکان دەسبەسەر کرا و دواتر بە تۆمەتی "موحاربە" لەلایەن دادگای گشتی و ئینقلابی تارانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپا و پاشان ئەو سزایە لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە هەڵوەشێندرایەوە و لە دوایین بڕیاردا سزای ٥ ساڵ دوورخستنەوەی بەسەردا سەپێندرا.