کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژیمی ئێران لەشاری مەریوان لەباتی نۆژەن كردنەوەی كۆڵان و شەقامەكان، پارە لە\"گلزار شهدا\" سەرف دەكات

18:30 - 16 خەرمانان 2713

كوردستان میدیا: ماوەی دوو حەفتەیە شارەوانی شاری مەریوان دەستی بە نۆژەن كردنەوەی گوڵزاری شوهەدا و گۆڕی دەست و پێوەندییەكانیەتیی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەماڵپەڕی كوردستان میدیا، شارەوانی لەسێ‌‌ڕێیانی ترمیناڵی شاری مەریوان دەستی بە نۆژەن كردنەوەی گۆڕی دەست و پێوەندییەكانی كردووە و بۆ ئەو مەبەستە ٥٠ میلیۆن تمەن بودجە تەرخان كراوە.

بەشێك لەهاووڵاتیانی شاری مەریوان لەو كارەی شارەوانی ناڕازین و پێیان وایە پێویستە شارەوانی بیر لەچاككردن و نۆژەنكردنەوەی كۆڵان و شەقامەكانی شار بكاتەوە.

ئەو هاووڵاتییە ناڕازیانە لەو باوەڕەدان، زیاتر لە ١٠ ساڵە بەشێك لەشەقامەكانی شار خراب بوونە و پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە و چەندین كۆڵانیش هەتا ئێستا ئاسفاڵت نەكراون.

ئەمە لەحاڵێكدایە كە شارەوانی تێچووی ئاسفاڵتیان لەهاووڵاتیان ئەستاندووە، بەڵام سەرەڕای داواكاری خەڵكی هیچ وڵامێكیان نادەنەوە.

گەڕەكەكانیبلچەسوورییەكان، شارەكی نەوبەهار و سەردۆشییەكان چەند گەڕەكی شاری مەریوانیان كە پێویستیان بە خزمەتگوزاری هەیە.