کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژیمی ئێران لە بۆسەی سامانە سروشتییەکانی کوردستان دایە/ ناڕەزایەتیی خەڵک رێگرە

22:02 - 21 خەرمانان 2713

کوردستان میدیا: بە تاڵان بردنی سامانی سروشتیی خەڵکی کوردستان لە ناوچەی سەرشیوی سەقز لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، ناڕەزایەتیی خەڵکی بە دواوە بوو.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە سەرەتای بەهاری ئەمساڵەوە هەتا ئێستا لە گوندی \'\'بایر و بۆردەمە\'\'ی سەربە ناوچەی \'\'سەرشیو\'\'ی سەقز، دوو کانگای مس و ئاسن دۆزراوەتەوە کە رێژیمی ئێران دەیهەوێ بۆ دەرەوەی کوردستان رایگوێزێ کە ئەم کارەی رێژیم ناڕەزایەتیی خەڵکی ناوچەکەی لێ کەوتووەتەوە.
خەڵک کە ئەو کانزا ژێرزەوییانە بە سەروەت و سامانی کوردستان دەزانن، لەو ناڕەزایەتییەی خۆیاندا داوایان کردووە، بەشێک لە بەهرەی ئەو سامانە بۆ خەڵکی ناوچەکە دیاری بکرێ و هەمووی بۆ دەرەوەی کوردستان رانەگوێزرێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پێوەندییەدا بە ماڵپەڕی \'\'کوردستان میدیا\'\' رایگەیاند: \'\'رێژیم نەک هەر ئەو داواکارییەی جێبەجێ نەکردووە، بەڵکوو وەڵامی خەڵکی ناڕازیشی نەداوەتەوە\'\'.
گوندی بایر و بۆردەمە لە سەردەمی شەڕی ٨ی ساڵەی نێوان ئێران و عێراقدا چۆڵ کراوە و پاش شەڕیش وەکوو ناوچەیەکی پارێزراو و قەدەغەکراو بووە و لە هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەک بێ‌بەش کراوە.
پێشتریش لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی لە گوندی \'\'وەشەدەرەی\'\' ناوچەی سەرشیوی سەقز، کانگایەکی دیکەی مس و ئاسن دۆزارایەوە و پاش ئەوەی کە خەڵک لە مەبەستی رێژیمی ئێران لەمەڕ بەتاڵان بردنی ئەو سامانە سروشتییە ئاگادار بوونەوە، پێشیان پێ گرت و رێژیم ناچار بوو لەهەمبەر ئیرادەی خەڵک بەچۆکدا بێت.