کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژیمی ئێران پشتیوانی خۆی لەحیزبوڵڵای لوبنان دوای خرانە لیستەی تیرۆرەوە، دەربڕێوە

17:35 - 3 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: عەلی لاریجانی بەرپرسی مەجلیسی شۆرای رێژیمی ئیسلامیی ئێران رایگەیاندووە، ئێران درێژە بەپشتیوانییەكانی لەحیزبوڵڵای لوبنان دەدات.
هەواڵدەریی مهر لەزاری لاریجانییەوە بڵاوی كردەوە، ئێران وێڕای رەخنە لە یەكیەتیی ئورووپا لەمەڕ هەڵسوكەوتیان لەبەرامبەر حیزبوڵڵادا، درێژە بەپشتیوانییەكانی خۆی لەو گرووپە دەدات.
بەرپرسی مەجلیسی ئێران، گرووپی حیزبوڵڵای بە قارەمان و نموونەی راستەقینەی موسلمانان ناودێڕ كردووە.
نوێنەرانی دەرەوەی یەكیەتیی ئورووپا لەدانیشتنی خۆیاندا لە وڵاتی بلژیك، لقی نیزامیی حیزبوڵڵای لوبنانیان خستە لیستی گرووپە تیرۆریستییەكانەوە.
بەپێی ئەو بڕیارە هیچ كام لە دیپلۆماتەكانی یەكیەتیی ئورووپا ناتوانن دانیشتن لەگەڵ ئەو گرووپە بكەن. ئەو بڕیارە بە كۆی دەنگی ٢٨ ئەندامی یەكیەتیی ئورووپا دراوە.
ئەو وڵاتانەی كە پشتیوانیان لەو هەوڵوێستە كردووە لەو باوەڕەدان، كە هێندێ ‌بەڵگە لەبەر دەست دایە كە دەرخەری هێرشی تیرۆریستی حیزبوڵڵا بۆ سەر گەشتیارەكانی ئیسراییلی و بوڵغارستانییە.
لەو كردەوە تیرۆریستییەدا كە ساڵی ١٣٩١ رووی دا ٥ گەشتیاری ئیسراییلی و شۆفێرێكی بوڵغارستانی گیانیان لەدەست دا و دەیان كەسی‌تریش بریندار بوون.
نوێنەرانی یەكیەتیی ئوورپا بڕیاریشیان داوە كە سەرجەم داراییەكانی حیزبوڵڵا بلۆكە بكرێت و ویزا بە ئەندامانی ئەو رێكخراوەیە نەدرێت.