کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژیم لە مزگەوتەکان لەمەڕ گەیشتن بە ئامانجە سیاسیی و عەقیدەتییەکانی کەڵک وەردەگرێ

23:04 - 21 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە رێگەی دەست و پێوەندییەکانییەوە و هەماهەنگییەکی لەپێشداڕێژراو لەگەڵ \'\'هیأت اُمنا\'\' دەیهەوێ لە مینبەری مزگەوتەکان بۆ پێکانی ئامانجە سیاسییەکانی کەڵک وەربگرێت.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا و بە پشت بەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار، رێژیمی ئیسلامیی ئێران سەرەتا لە دووی راکێشان و ئامانجدارکردنی وتاری هەینیی مینبەرەکانە و دواتر لە هەوڵی ئەوە دایە مزگەوتەکان بکاتە شوێنێک بۆ دەستڕاگەیشتنی زیاتری دەست و پێوەندییەکانی خۆی بە خەڵک.
ئەو سەرچاوە باسیشی لەوە کردووە کە هەوڵەکانی رێژیم لە شاری شنۆ لەلایەن مامۆستایانەوە ئاشکرا کراوە و لەگەڵ دژایەتی توندی ئەو مامۆستایانە و خەڵک بەرەوڕوو بۆتەوە.
رێژیمی ئێران چەندین ساڵە لە مزگەوت و مینبەرەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسی و تەنانەت ئیتلاعاتییەکانی کەڵک وەردەگرێت.
هەروەها لەم چەند ساڵەی دواییدا رێژیم لە لاوانی کورد وەکوو دەست و پێوەندیی خۆی لەمەڕ تەشەنەکردنە نێو گرووپە توندڕەو و رادیکاڵەکان کەڵکی وەرگرتووە کە زۆربەیان لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و لە نێو گرووپەکانی تاڵیبان و ئەلقاعیدە بە کوشت چوون.